لاڤرۆڤ پێشنیازی بەڕێوەچوونی گەڕی دووەمی دانوستانەکان لەگەڵ ئۆکرانیا دەکات

وەزیری دەرەوەی ڕووسیا، پێشنیازی کرد کە گەڕێکی دیکەی دانوستان لەگەڵ ئۆکرانیا، دووبارە لە ئیستانبوڵ بەڕێوە بچێت. وەزیری دەرەوەی تورکیاش دەڵێت: وڵاتەکەی ئامادەیە لە هەر کاتێکدا بێت میوانداری دانوستانەکانی نێوان ڕووسیا و ئۆکرانیا بکات .
سێشەممە 27ـی ئایاری 2025، سێرگی لاڤرۆڤ، وەزیری دەرەوەی ڕووسیا، لەمیانەی بەڕێوەچوونی کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیی هاوبەش لەگەڵ هاوتا تورکەکەی، هاکان فیدان، گوتی: کۆبوونەوەیەکی زۆر باشمان لەگەڵ وەزیری دەرەوەی تورکیا هەبووە و باسمان لە پرسی هەناردەکردنی دانەوێڵە لە دەریای ڕەش، جەنگی ئۆکرانیا و گەڕێکی دیکەی دانوستانی نێوان مۆسکۆ و کیێڤ کرد.
لاڤرۆڤ، ئاماژەی بەوە دا، ئیستانبوڵ شارێکی زۆر باشە، بۆیە پێشنیاز دەکەم گەڕی دووەمی دانوستانی نێوان ڕووسیا و ئۆکرانیا دووبارە لەو شارە بەڕێوە بچێت.
هاوکات بۆ ئەم مەبەستەش، سوپاس و پێزانینی خۆی بۆ هەوڵەکانی ئەنقەرە بۆ یارمەتیدانی ڕێکخستنی دانوستانی ڕاستەوخۆی نێوان مۆسکۆ و کیێڤ دەربڕی.
سەبارەت بە هێرشەکانی ڕووسیا بۆ سەر دامەزراوە سەربازییەکانی ئۆکرانیا، سێرگی لاڤرۆڤ ڕوونیکردەوە، "بە لەبەرچاوگرتنی بەردەوامی ئۆکرانیا بۆ ئامانجکردنی ژێرخانی مەدەنیی لە ڕووسیا، هێرشەکانی ڕووسیا بۆ سەر دامەزراوە سەربازییەکان ئەو وڵاتە ئاساییە".
جەختی لەوەش کردەوە، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا ئارەزووی بەردەوامبوونی دانوستانەکانی نێوان ڕووسیا و ئۆکرانیا دەکات.
دەشڵێت: وڵاتانی ئەورووپا درک بەوە دەکەن کە توانای بەردەوامبوونیان لە جەنگی ئۆکرانیادا نییە، ترسی ئەوەیان هەیە ترەمپ وازیان لێبهێنێت و سزایان بەسەردا بسەپێنێت.
وەزیری دەرەوەی ڕووسیا، نیگەرانی خۆی لە بڕیارەکەی ئەڵمانیا لەبارەی ناردنی مووشەکی دوورمەودا بۆ ئۆکرانیا دەربڕی و گوتی: بە داخەوە ئەڵمانیا ماوەیەک پێش ئێستا، بە نهێنی بڕیارێکی دەرکردووە، بۆ ئەوەی مووشەکی دوورمەودا بۆ ئۆکرانیا بنێرێت و تا خاکی وڵاتی ئێمەی پێ بکرێتە ئامانج.
لەبارەی سووریا، لاڤرۆڤ گوتی: پێشوازی لە هەڵگرتنی سزاکانی سەر سووریا دەکەین و دەبوو ئەو بڕیارە زووتری بدرایە.
راشیگەیاند، دەمانەوێت پەیوەندییەکی باشمان لەگەڵ ئیدارەی نوێی سووریا هەبێت و بانگهێشتی وەزیری ئەو وڵاتەشمان کردووە تا سەردانی مۆسکۆ بکات.
وەزیری دەرەوەی رووسیا، لە درێژەی قسەکانیدا، ئەوەشی خستەڕوو، پێویستە دەسەڵاتدارانی نوێی سووریا ڕێگری لە تەقینەوەی دۆخی ئەو وڵاتە و هەرەسهێنانی دەوڵەت بکەن.

فیدان: تورکیا لە کارکردن بۆ یەکگرتوویی سووریا بەردەوام دەبێت
لای خۆیەوە هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا ڕایگەیاند: کە وڵاتەکەی ئامادەیە لە هەر کاتێکدا بێت میوانداری دانوستانەکانی نێوان ڕووسیا و ئۆکرانیا بکات و ئەمەش بە ئەرکی خۆی دەزانێت.
دەشڵێت: "پێشتر ئامادەیی خۆمان دەربڕیوە بۆ میوانداریکردنی بۆنەیەکی لەو شێوەیە و، لە هەر کاتێکدا ئامادەین بۆی، هەروەها ئەوە ئەرکێکە بۆ ناوچەکەمان و بۆ ئاشتیی لە جیهاندا".
وەزیری دەرەوەی تورکیا، ئاماژەی بەوەش کرد، له سەرەتای جەنگی ڕووسیا و ئۆکرانیاوە، ئەردۆغان داوای له کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کردووە بە خێرایی دەستوەردان بکەن و به دوای ئاشتیدا بگەڕێن، بێگومان ئێمە دەمانەوێت کێشەی نێوان دوو وڵاتەکە چارە بکرێت و هەردوولا بگەنە ڕێککەوتن، هەروەها بەردەوام دەبین لە پێشکەشکردنی هەموو هاوکارییەک لەو بارەیەوە.
لەبارەی سووریاوە، فیدان، گوتی: لەگەڵ لاڤرۆڤ دۆخی سووریا و هەڵگرتنی سزاکانی سەر وڵاتەکەمان تاوتوێ کرد، هاوتا ڕووسییەکەم هەڵگرتنی سزاکانی بە هەنگاوێکی گرنگ پێناسە کرد.
جەختی لەوەش کردەوە، تورکیا بەردەوام دەبێت لە کارکردن بۆ یەکگرتوویی سووریا و یەکپارچەیی خاکەکەی.
گوتیشی: داوا لە هەموو لایەنەکان دەکەینەوە پابەندی ڕێککەوتنی 10 ئاداربن، کە لە نێوان مەزڵووم عەبدی و ئەحمەد شەرع واژۆ کرا.
16ـی ئایاری 2025، گەڕی یەکەمی دانوستانی ڕاستەوخۆ لە نێوان ڕووسیا و ئۆکرانیا، لە ئیستانبوڵ بەڕێوە چوو.
دوا بە دوای وتووێژەکان، سەرۆکی شاندی ڕووسیا لە ئیستانبوڵ، ڕایگەیاند: لە دانوستانەکانمان لەگەڵ ئۆکرانیا بەردەوام دەبین، هەروەها لە ئەنجامی دانوستانەکانی ئەمڕۆش ڕازین.
ئاماژەی بەوەش کرد، هەردوولامان گەیشتینە ڕێککەوتن بۆ ئاڵوگۆڕکردنی دیلەکانی نێوانمان.
لای خۆیەوە وەزارەتی دەرەوەی ڕووسیا، لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە دا، دانوستانەکانی ئیستانبوڵ بە بەڵگەنامەیەک بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕ لەگەڵ ئۆکرانیا بەدوور نازانن.
لە 11ـی ئایاری 2025، ڤلادیمێر پوتین، سەرۆکی ڕووسیا داوای لە دەسەڵاتدارانی ئۆکرانیا کرد کە دانوستانە ڕاستەوخۆکان بەبێ مەرجی پێشوەختە دەست پێ بکەنەوە، کە کێڤ لە ساڵی 2022ـدا ڕایگرتبوو.
