فێستیڤاڵی خەڵاتی قەڵەمی هەژار دەستی پێ کرد

چوارشەممە 28ـی ئایاری 2025، فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی ''خەڵاتی قەڵەمی هەژار'' کە لەلایەن زانکۆی کوردستانی شاری سنەی ڕۆژهەڵاتی کوردستانەوە بەڕێوە دەچێت، دەستی پێ کرد و بڕیارە دوو ڕۆژ بەردەوام بێت.
یادگار کەریمی، سکرتێری فێستیڤاڵەکە بە کوردستان24ـی ڕایگەیاند: خەڵاتی قەڵەمی هەژار یەکەمین و گەورەترین خەڵاتی کتێبی کوردییە لە ئاستی جیهاندا، هاوکات کردنەوەی دەرگایەکیشە بۆ خستنەڕووی توێژینەوە و بەرهەمی جۆراجۆر لە بواری هەموو زانستە مرۆڤییەکاندا.
لە ڕاگەیاندراوی سەرەکیی فێستیڤاڵەکەشدا ئاماژە بەوە دراوە، لەم فێستیڤاڵەدا بەرهەمی هەڵبژێردراوی نووسەرانی ئەدەبیاتی کوردی و توێژەرانی زمانناسی و ئەدەبی، هەروەها بوارە هاوبەشەکان خەڵات دەکرێن.
یادگار کەریمی گوتی: ئەوەی ئەم خەڵاتە لە زۆرێک لە خەڵاتە نێودەوڵەتییەکان جیا دەکاتەوە، بازنەی بابەتی فراوانە نەک تەنها ئەدەبیات، بەڵکوو زانستە مرۆییەکان و توێژینەوەی نێوان زانستەکانیش دەگرێتەوە.
خەڵاتی قەڵەمی هەژار موکریانی، هێمای حیکمەت و مەعریفەیە ئێستا وەک تیشکێکی ئومێد لە دڵی فەرهەنگدۆستاندا دەدرەوشێتەوە و بەڵێنی سەردەمێکی نوێ دەدات لە بایەخدان بە زمان و ئەدەب و هونەری کوردی.
باسی لەوەش کرد، پرۆسەی دادوەری بەرهەمەکان هیچ بڕیارێکی پێشوەختەی لەسەر نەدراوە بۆ جیاکردنەوەی خەڵاتەکان بە پشتبەستن بە بوارە بابەتییەکان و تەوەرەکانی وەک: ئەدەب، مێژوو، چەندین بابەتی دیکە، بەڵکوو خەڵاتەکان بە پشتبەستن بە هەڵسەنگاندنی دادوەرەکان و ئەو خاڵانەی کە بەرهەمە هەڵبژێردراوەکان بەدەستیان هێناوە، جیاوازیمان لە نێوان تەوەرە جیاوازەکاندا نەکردووە.
ئەم خەڵاتە بە ئامانجی پاراستنی ناو و یادی نووسەری مەزن مامۆستا هەژار و ڕێزگرتن لە هەوڵی نووسەران و وەرگێڕان لەم بوارەدا دامەزراوە.
هەژار موکریانی کێیە؟
عەبدولڕەحمان شەرەفکەندی، ناسراو بە هەژار موکریانی، لە 13ـی نیسانی 1921 لە شاری مەهاباد لەدایک بووە. وەک خۆی لە کتێبی چێشتی مجێوردا دەگێڕێتەوە، سەرەتا لای باوکی دەستی بە خوێندن کردووە، دواتر چۆتە حوجرە وانە ئاینییەکانی لەلای چەند مامۆستایەکی ئایینی ئەو سەردەمە خوێندوویەتی.
هەژار لە تەمەنی لاوێتی دا، بۆتە ئەندامی کۆمەڵەی ژیانەوەی کورد(ژێکاف) و دواتر لەگەڵ دامەزراندنی کۆماری کوردستان(مەهاباد) پێشەوا قازی محەممەد، هەژار موکریانی و هێمنی هاورێی وەک شاعیری کۆمار دیاری کران.
هەژار موکریانی لە 21ـی شوباتی 1991 کۆچی دوایی کرد و لە مەهاباد بەخاک سپێردرا.