تەندروستیی دهۆک: تووشبووەکەی تای خوێنبەربوون نەخۆشخانەی بەجێهێشت

دوای هەفتەیەک مانەوە لەنەخۆشخانە، ئەو ئافرەتەی تووشی تای خوێنبەربوون بوو لە دهۆک نەخۆشخانەی جێهێشتوو و گەڕایەوە ماڵەوە.

مەتین جەمیل، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی گشتیی تەندروستیی دهۆک، ئەمڕۆ پێنجشەممە، 29ـی ئایاری 2025، بە ماڵپەڕی کوردستان24ـی گوت: دوای هەفتەیەک مانەوە لەژێر چاودێری پزیشک لە نەخۆشخانە، ئەمڕۆ ئەو ئافرەتە نەخۆشخانەی بەجێهێشت و بە تەندروستییەکی باش گەڕایەوە ماڵەکەی.

گوتەبێژی تەندروستی دهۆک گوتیشی: تەندروستی ئەو ئافرەتە زۆرباشە و بەڕێنمایی پزیشک نەخۆشخانەی جێهێشتووە، ئێستا هیچ تووشبوویەکی تای خوێنبەربوون لە سنووری پاریزگای دهۆک نییە.

پێشتر ڕۆژی شەممە، 10ی ئایاری 2025، تووشبوویەکی تای خوێنبەربوون، کە ئافرەتێکی تەمەن 45 ساڵ و دانیشتووی شارەدێی شێلادزێ سەر بە شاری ئامێدی بوو، لە نەخۆشخانەیەکی دهۆک گیانی سپارد.

ڕۆژی 2ی ئایاری 2025 یەکەم حاڵەتی تای خوێنبەربوون لە ھەرێمی کوردستان تۆمار کرا، کە ھاووڵاتییەکی تەمەن 45 ساڵەی خەڵکی شاری کۆیەی سەر بە پارێزگای ھەولێر بوو، پیشەی گۆشتفرۆش بوو، ئێستا تەندروستیی جێگیرە و گەڕاوەتەوە ماڵەوە.

مەتین جەمیل باسی لەوەش کرد، لەگەڵ نزیکبوونەوەی جەژنی قوربان ڕێککارەکان توندترکراون و هەموو ئەو ڕێنماییانەی وەزارەتی تەندروستی بڵاوی کردوونەتەوە جێبەجێ دەکرێن.

 
 
Fly Erbil Advertisment