تەلەفۆنی کارمەندێکی باڵای کۆشکی سپی هاک کرا

ڕۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵ بڵاوی کردەوە، دەسەڵاتدارانی ئەمەریکا لێکۆڵینەوە لە هاک کردنی تەلەفۆنی کارمەندێکی باڵای کۆشکی دەکەن.
لە ڕاپۆرتێکدا هاتووە، سۆزان وایڵز، سەرۆکی کارمەندانی کۆشکی سپی، بە هاوکارەکانی وتووە تەلەفۆنی هاک کراوە، ئەمەش ڕێگەی بەو کەسە داوە بتوانێت دەستی بگات بە ژمارە تەلەفۆنە تایبەتەکان.
هەروەها سۆزان وایڵز، پشتڕاستی کردەوە، ڕووداوەکە پەیوەندیی بە تەلەفۆنی تایبەتی خۆیەوە هەبووە نەک مۆبایلە فەرمیەکەی.
بەگوێرەی ڕۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵ، لە چەند هەفتەی ڕابردوودا، سیناتۆرەکان، پارێزگارەکان، کارگێڕانی باڵای کۆمپانیا ئەمەریکییەکان و کەسایەتییەکانی دیکە پەیام و پەیوەندییان لە کەسێکەوە پێگەیشتووە کە بانگەشەی ئەوە دەکات وایڵزە.
کۆشکی سپی ڕووبەڕووی قەیرانی ئاسایشی زانیاری بووەتەوە. ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرز لەم دواییانەدا بڵاوی کردەوە، کەسێک لە سەرەتای ئەم مانگەدا ئەو خزمەتگوزارییە پەیوەندییەی هاک کردووە کە مایک واڵتز، ڕاوێژکاری پێشووی ئاسایشی نیشتمانی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا بەکاری دەهێنێت و دەستی بە پەیامەکانی ژمارەیەکی زۆر لە بەرپرسانی ئەمەریکا کەوتووە.
لە کۆتایی ساڵی ڕابردوودا بەرپرسێکی کۆشکی سپی ڕایگەیاند، ئەمەریکا پێی وایە هەڵمەتێکی سیخوڕی ئەلیکترۆنی چینی بە قەبارەیەکی بەرفراوان ڕادەگرێت، کە پەیوەندیی تەلەفۆنی کەسایەتییە سیاسییە پلە باڵاکانی ئەمەریکای کردووەتە ئامانج و تۆماری کردووە.