فێستیڤاڵی خەڵاتی قەڵەمی هەژار کۆتاییهات

دوای دوو ڕۆژ لە بەڕێوەچوونی فێستیڤاڵی خەڵاتی قەڵەمی هەژار، ئێوارەی دوێنێ پێنجشەممە، کۆتایی بەکارەکانی هێنا و چەند نووسەرێک بوونە براوەی فێستیڤاڵەکە.

جەبار جەمال غەریب، ڕۆماننووس و براوەی خەلاتی قەڵەمی هەژار، بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند: شانازی دەکەم خەڵاتی قەڵەمی هەژارم بۆ ڕۆمان بەدەستهێناوە، ئەم فێستیڤاڵە گەورەییە بۆ هەژار موکریانی و بۆ شاری سنە.

لەلای خۆیەوە ئارەش لهۆنی، پارێزگاری سنە بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند: پلانیان هەیە لەمەدوا فێستیڤاڵی خەڵاتی قەڵەمی هەژار هەموو ساڵێک لە شاری سنە بەڕێوە بچێت.

ئارەش لهۆنی گوتیشی، "زمان و فەرەهەنگی کوردی سەرمایەی ئەدەبیاتی ئێرانە" 

بەرهەمی نووسەرانی کورد لەهەر چوار پارچەی کوردستان و تاراوگەش بەشداربوون، لەوانەش 38 بەرهەم بۆ بەشی پێشبڕکێی خەڵاتی قەڵەمی هەژار هەڵبژێردران. لە کۆتایییدا شەش نووسەری کورد لە باکوور و باشوور و رۆژهەڵاتی کوردستانەوە خەڵات کران و 32 نووسەریش وەک شایانی خەڵات ناسێنران. 

نووسەرانی هەموو زاراوەکانی زمانی کوردی لە زۆربەی وڵاتەکانەوە بەرهەمەکانی خۆیان بۆ فێستیڤاڵی خەڵاتی قەڵەمی هەژار، ناردبوو.

 لەم فێستیڤاڵەدا بەرهەمی ئەدیبان، توێژەرانی زمانناسی و ئەدەبی و بوارە هاوبەشەکانی زانستە مرۆڤییەکان بەشدار بوون، بەرهەمە براوەکان بە دەنگی هەشتا نووسەر و ئەدیب و کەسایەتیی ئاکادیمی لە هەموو ناوچەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستانەوە، دەستنیشان کرابوون.

ڕۆژی چوارشەممە 28ـی ئایاری 2025، فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی ''خەڵاتی قەڵەمی هەژار'' کە لەلایەن زانکۆی کوردستانی شاری سنەی ڕۆژهەڵاتی کوردستانەوە بەڕێوەدەچوو، دەستی پێ کرد و دوو ڕۆژ بەردەوامبوو.

 
 
Fly Erbil Advertisment