ناوەڕۆکی پێشنیازە نوێیەکەی ئەمەریکا بۆ ئێران ئاشکرا کرا

ئەمەریکا پێشنیازێکی نوێی بۆ ڕێککەوتن لەبارەی بەرنامەی ئەتۆمییەوە پێشکەشی ئێران کردووە، وەزیری دەرەوەی ئێرانیش دەڵێت: پێشنیازەکەیان بەدەست گەیشتووە و بەگوێرەی بەرژەوەندییە باڵاکانی ئێران، وەڵامی واشنتن دەدەنەوە.
ماڵپەڕی 'ئەکسیۆس'ـی ئەمەریکی ناوەڕۆکی پێشنیازەکەی ئاشکرا کردووە و بڵاوی کردووەتەوە، ناوەندێکی هەرێمی بۆ بەرهەمهێنانی وزەی ئەتۆم بەسەرپەرشتی ئەمەریکا بنیات بنرێت و ئێران ببێتە ئەندام تیایدا، بەو شێوەیە دەتوانێت وزەی ئەتۆم بۆ مەبەستی ئاشتی بەرهەم بهێنێت، بەڵام بەو مەرجەی تاران هەموو چالاکییە ئەتۆمییەکانی ڕابگرێت.
لەلایەکی دیکەوە کارۆلین لڤیت، گوتەبێژی کۆشکی سپی گوتی؛ پێشنیازێکی نوێیان بۆ ڕێککەوتن لەبارەی بەرنامە ئەتۆمییەکەیەوە پێشکەشی ئێران کردووە، عەباس عراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێرانیش ئاماژەی بەوە داوە؛ پێشنیازەکەی ئەمەریکایان بەدەست گەیشتووە و لەسەر بنەمای بەرژوەندییە باڵاکانیان وەڵامی واشنتن دەدەنەوە.
هەر بەگوێرەی ماڵپەڕی 'ئەکسیۆس' ئەم پێشنیازەی ئەمەریکا بەرهەمی کۆتا گەڕی دانوستانی تاران و واشنتن بووە لە ڕۆما، ئێستاش ئەمەریکا پێشنیازەکەی کردووە بە نووسراو و پێشکەشی کردووە. پێشنیازەکە لەلایەن عوممانی نێوەندگیرەوە پێشکەش کراوە و ئەمەریکاش ڕەزامەندی لەسەر داوە.
پێشنیازە نوێیەکەی ئەمەریکا، لەکاتێکدایە، ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم نوێترین ڕاپۆرتی لەسەر چالاکییە ئەتۆمییەکانی ئێران بڵاو کردووەتەوە و ئەوەی خستووەتەڕوو، ئێران بەرهەمهێنانی یۆرانیۆمی پیتێنراوی زیاد کردووە، ئێستا وڵاتەکە 408.6 کیلۆگرام یۆرانیۆمی پیتێنراوی بە ڕێژەی 60% هەیە، کە 133.8 کیلۆگرامی لە مانگی شوباتی ئەم ساڵ زیاترە.
ئاژانسەکانی هەواڵ ڕایانگەیاندووە، ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی لە ڕاپۆرتێکی نهێنیدا بۆ وڵاتانی ئەندام باسی لە زیادکردنی یورانیۆمی ٦٠% پیتێنراوی ئێرانی کردووە و ئەمەش لە کاتێکدایە ئەمەریکا، بریتانیا، فەرەنسا و ئەڵمانیا، دەیانەوێت لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی دادوەرانی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمیدا کە لە 9ـی مانگی حوزەیرانەوە دەست پێ دەکات، بڕیارنامەیەک پەسند بکەن کە ئێران بەوە تۆمەتبار دەکات، بەڵێنەکانی سەبارەت بە ڕێگریی لە بڵاوکردنەوەی چەکی ئەتۆمی پێشێل کردووە و ئەگەری هەیە دۆسیەی ئەتۆمیی وڵاتەکە بگەڕێتەوە بۆ ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی.
ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرز، ڕایگەیاند، ئەمەریکا و سێ وڵاتە ئەورووپیەکەی ناو ڕێککەوتننامە ئەتۆمییەکەی ساڵی 2015ـ دەیانەوێت، بڕیارنامەیەک لە ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی پەسند بکەن، کە پابەندنەبوونی ئێران بە بەڵێنەکانی لە بواری پەرەپێنەدانی چەکی ئەتۆمیدا ڕادەگەیەنێت.
عەباس عراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران ڕایگەیاند، سەبارەت بە پیتاندنی یورانیۆم وەکوو یەکێک لە پێویستییەکانی وڵاتەکەمان قسە زۆرە و بۆ پیشەسازیی ئەتۆمی و پیشەسازیی دەرمان بەڕاستی پێویستمانە، بەڵام لە دانوستانەکاندا پێداگریی ئێمە لە سەر پیتاندنی یورانیوم بۆ ڕەتکردنەوەی سەپاندنی هێزە، ئەوەی کە ئەوان دەڵێن نابێ ئێمە یورانیۆم بپیتێنین، خۆی سەپاندنی هێزە، بۆچی نابێ ئەو تەکنۆلۆجییەمان هەبێت؟ لە کاتێکدا یاسا نێودەوڵەتییەکان ئەو مافەمان پێ دەدەن. ئەوان دەڵێن چونکە ئێمە نیگەرانین، لەبەر نیگەرانیی ئەوان خەڵکی ئێران نابێ یورانیۆم بپیتێنن! بەڵام ئێران هەرگیز ئەمە قبووڵ ناکات، چونکە ئەمە قەبووڵکردنی هێز و دەسەڵاتی خەڵکی دیکەیە.
هاوکات محەمەد ئیسلامی، بەرێوەبەری گشتی ڕێکخراوی وزەی ئەتۆمیی ئێران دەڵێت: باسی ڕاگرتنی یورانیۆمی پیتێنراو، قسە و قسەڵۆکی دوژمنانە.
هەروەها ئەمەریکا دەیەوێت تا ڕێگەی دیپلۆماسی هەبێت، پەنا بۆ توندوتیژی و شێوازی سەربازی نەبات لە یەکلایکردنەوەی پرسی ئەتۆمیی ئێران، ئەمەش چەند جارێک لەسەرزاری دۆناڵد ترەمپەوە بیستراوە، لە نوێترین هەنگاویشیدا پێشنیازێکی نوێی لەرێگەی عوممانەوە گەیاندووەتە تاران و دەیەوێت پێشنیازە نوێیەکە هیچ نەبێت کەمێک بەستەڵەکی نێوانیان بتوێنێتەوە.