25 پزیشک و کارمەندی تەندروستی هەرێمی کوردستان هاوشانی حاجیان لە سعوودیەن

وەزارەتی تەندروستی ئاماژە بەوەدەکات، دۆخی تەندروستی حاجیانی هەرێمی کوردستان لە سعوودیە زۆرباشە و چەندین پزیشک و کارمەندی تەندروستی هاوشانی حاجیان لەو وڵاتەن.
کامەران مەلامحەممەد، سەرۆکی شاندی وەزارەتی تەندروستی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ یەکشەممە، 1ـی حوزەیرانی 2025، بە ماڵپەڕی کوردستان24ـی گوت: بۆ حەجی ئەمساڵ هەموو ئامادەکارییەکی تەندروستی کراوە، تیمێکی وەزارەتی تەندروستی لە وڵاتی سعوودیەن کە 25 پزیشک و کارمەندی تەندروستین و لەوانە 15پزیشکی پسپۆڕی هەمەجۆر و 10 کارمەندی پزیشکیین.
کامەران مەلامحەممەد گوتیشی: لە شوێنەی مانەوەی حاجیان پێنج نۆرینگە داندراون و ڕۆژانە زیاتر لە 250 بۆ 300حاجی سەردانمان دەکەن، زۆربەی کەیسەکان دووبارەن و بەتایبەتی لە ئافرەت و پیاوانی بەتەمەن.
دەربارەی جۆری نەخۆشییەکان، کامەران مەلامحەممەد باسی لەوەکرد، نەخۆشییەکان زیاتر ئەنفلۆنزای وەرزین یان گرژبوونی ماسولکەکان، ئەمەش بەهۆی گۆڕانی کەش و هەوا و گەرمبوونی.
سەرۆکی شاندی وەزارەتی تەندروستی باسی لەوەکرد، سەرجەم حاجییەکان سەلامەتن و تەندروستیان زۆرباشە، ڕۆژانە بەردەوام ڕێنماییان پێ دەدەین، بۆ ئەوەی خۆیان زۆر ماندوونەکەن، بەتایبەتی نەچنە بەر گەرما و ئاگاداری تەندروستی خۆیان بن، ژمارەیەکی زۆری داو و دەرمان ئامادەکراوە و پزیشکی 24کاتژمێری ئامادەیە بەشێوەی ئێشکگری، تەنانەت بۆ حاڵەتی نەشتەرگەریی لەناکاویش ئامادەن بە هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی تەندروستی سعوودیە.
ژمارەی ئەو هاووڵاتییانەی لە هەرێمی کوردستان چوونەتە سعوودیە بە مەبەستی بەجێهێنانی فەریزەی حەجی ئەمساڵ، پێنج هەزار و 120 کەسە.