هەولێر.. بەشێک لە گۆڕەکانی ناو بازاڕ بۆ سەردەمی پێش هاتنی مەسیح دەگەڕێنەوە

لە ناوەڕاستی بازاڕی هەولێر ژمارەیەک گۆڕ و مەزارگە هەن، کە مێژوویەکی دوور و درێژیان هەیە، بەڕێوەبەری پێشووی شوێنەواریش دەڵێت: بەشێکیان بۆ سەردەمی پێش هاتنی مەسیح دەگەڕێنەوە و قایمقامی ناوەندی هەولێریش ئاماژە بەوەدەکات ئەو گۆڕانە مۆرکی ئەو شارەن.
کەنعان موفتی، بەڕێوەبەری پێشووی شوێنەواری هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ دووشەممە، 2ـی حوزەیرانی 2025، بە ماڵپەڕی کوردستان24ـی گوت: لە هەولێر ژمارەیەک گۆڕی هەن، کە مێژوویەکی کۆنیان هەیە و تەنانەت چەند گۆڕێک مێژوویان بۆ پێش هاتنی مەسیح دەگەڕێنەوە.
کەنعان موفتی گوتیشی: سەردانی هەموو گۆڕەکانمان کردووە و زانیاریم لەبارەیان کۆکردووەتەوە، ئەو گۆڕانەی ماون ژمارەیان 23 گۆڕە، لە چەند شوێنیکی هەولێر هەن، ژمارەیەک لەوان کەوتوونەتە نێو جەرگەی بازاڕی هەولێر.
کەنعان موفتی باسی لەوەش کرد، ناوی سەرجەم گۆڕەکان تۆمارکراون، بەڵام زانیاری دروست لەبارەی مێژووەکەیان نییە، ئەمە جگە لەوەی چەندین مەزارگە و گۆڕستانی زۆر کۆن هەن.
لە ناسراوترین ئەو گۆڕانەی هەن، کە کەنعان موفتی ئاماژەی پێکرد،
1- گۆڕی پێغەمبەر عوزێر لەنزیک مزگەوتی شێخی چۆلی
2-مەزارگەی سوڵتان موزەفەر لە نزیک باڵەخانەی پارێزگای هەولێر
3-گۆڕی سەید ساڵح ناو بازاڕی قەیسەری
4-گۆڕی سەید عەبدوڵڵا ناو بازاڕی قەیسەری کۆڵانی قوماش فرۆشان
5-گۆڕی سەید تەها نزیک بانکی ڕافیدەینی کۆن بەرانبەر بازاڕی نیشتیمان.
جگە لەمانە ژمارەیەک گۆڕ و مەزارگەی دیکە هەن لەناو قەڵای هەولێر پەیوەندییان بە ئایینی ئیسلام و ئاشورییەکانەوە هەیە.
گۆڕستانی جولەکەکان لە هەولێر یەکێکی دیکەیە لەو شوێنانەی ژمارەیەکی زۆری گۆڕی تێدایە کە مێژوویان بۆ سەردەمی جولەکەکان دەگەڕێتەوە لەو شارە.
لەلای خۆیەوە نەبەز عەبدولحەمید، قایمقامی ناوەندی هەولێر، ئەمڕۆ دووشەممە، 2ـی حوزەیرانی 2025، بە ماڵپەڕی کوردستان24ـی گوت: ئەو گۆڕانە مۆرکی هەولێرن بەهیچ شێوەیەک ڕێگەنادەین لاببرێن یان تێک بدرێن، بەڵکوو ساڵانە کار بۆ نۆژەنکردنەوەیان دەکەین و بەهەموو شێوەیەک هەوڵی پاراستنیان دەدەین.
هەولێر بەوەناسراوە چەندین شوێن و پێگەیی شوێنەواریی هەیە، کە گرنگی کۆمەڵایەتیی و ئایینی و شارستانییەتی ئەو شارە نیشان دەدات.

