ئەورووپا هەڕەشەی سەپاندنەوەی سزا بەسەر ئێراندا دەکات

ئەمەریکا و سێ وڵاتە ئەورووپاییەکەی بەشدار لە ڕێککەوتننامەی ئەتۆمی، ڕەشنووسی بڕیارنامەیەکیان دژی ئێران ئامادە کردووە کە ئەگەر لە کۆبوونەوەی داهاتووی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمیدا پەسند بکرێت، ئەوە بوار بۆ سێ وڵاتە ئەورووپاییەکە خۆش دەکات، سەرجەم گەمارۆ نێودەوڵەتییەکانی ئەنجوومەنی ئاسایش بگەڕێننەوە سەر ئێران. 

وەزیری دەرەوەی ئێران دەڵێت: گەڕاندنەوەی سزاکان، سیاسەتێکی هەڵەیە و تەنیا قەیرانەکان زیاتر دەکات. گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێرانیش دەڵێت: ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی لە ژێر گوشاری وڵاتانی ئەورووپایدایە.

عەباس عراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران ڕایگەیاند "سەبارەت بە گەڕاندنەوە و سەپاندەوەی سزاکان، هیوادارم وڵاتانی ئەورووپایی هەڵەیەکی وا نەکەن، لەبەر ئەوەی ئەوە سیاسەتێکی هەڵەیە و تەنیا قەیرانێکی زیاتر دەخاتە سەر قەیرانەکانی ئێستامان."

دوو ڕۆژ پێشتر، ئاژانسی ڕۆیتەرز ناوەرۆکی نوێترین ڕاپۆرتی سکرتێریی گشتیی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمیی بڵاو کردەوە کە بۆ کۆبوونەوەی لوتکەی ئاژانس ئامادە کراوە و تێیدا هۆشداری دراوە لەوەی ئێران لە پەرەپێدانی بەرنامەی پیتاندنی یۆرانیۆم بە ئاستێک، کە نزیکە لە ئاستی پێویست بۆ بەرهەمهێنانی چەکی ئەتۆمی بەردەوامە و پاشەکەوتی یۆرانیۆمی خۆی گەیاندووەتە زیاتر لە 480 کیلۆگرام. بەڵام گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران دەڵێت: ڕافایل گرۆسی، لە ژێر گوشاری سێ وڵاتە ئەورووپییەکەدا ئەم ڕاپۆرتەی نووسیوە.

ئیسماعیل بەقایی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران گوتی: ئێمە گومانمان نییە ئەم ڕاپۆرتە لە ژێر کاریگەریی و گوشاری هەندێک وڵاتی دیاری ئەوروپایدا نووسراوە. ئاگادارین هەم سکرتێری گشتیی و هەم ئاژانسەکە، بۆ ئامادەکردنی ئەم ڕاپۆرتە لەژێر گوشاردا بوون بەڵام ئەمە نابێتە پاساو بۆ ئەوەی ئاژانس، ڕاپۆرتی مەبەستدار و سیاسی لە دژی ئەندامێک ئامادە بکات. 

وەزیری دەرەوەی ئێران لە میسر بە بەشداریی هاوتا میسرییەکەی لەگەڵ سکرتێری گشتیی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمیش کۆ بووەوە. پاش کۆبوونەوەکەش بە ڕۆژنامەنووسانی ڕاگەیاند، وڵاتەکەی واز لە بەرنامەی پیتاندنی یۆرانیۆم ناهێنێت و گوتی: ئەگەر ئەمەریکا بەمە ڕازی نەبێت هیچ ڕێککەوتنێک نایەتە ئاراوە.

 
 
 
Fly Erbil Advertisment