یەکەم حاڵەتی تووشبوون بە تای خوێنبەربوون لە زاخۆ تۆمار کرا

بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی زاخۆ ڕایگەیاند: هاووڵاتییکەی دانیشتووی شارەدێی بێگوڤای سەر بە قەزای باتیفا، دوو ڕۆژ لەمەوبەر سەردانی نەخۆشخانەی فریاکەوتنی زاخۆی کردبوو کە گومانی تووشبوونی بە نەخۆشی تای خوێنی لێ دەکرا، دوای دەرچوونی ئەنجامی پشکنین دەرکەوت تووشی نەخۆشییەکە بووە.
سێشەممە 3ـی حوزەیرانی 2025، د. سیروان عەلی، بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی زاخۆ، تایبەت بە کوردستان24ـی گوت: دوو ڕۆژ لەمەوبەر، هاووڵاتییەکی دانیشتووی شارەدێی بێگوڤای سەر بە قەزای باتیفا، بە مەبەستی وەرگرتنی چارەسەر سەردانی نەخۆشخانەی فریاکەوتنی زاخۆی کرد، کە گومانی تووشبوون بە نەخۆشی تای خوێنبەربوونی لێ دەکرا.
بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی زاخۆ، ئاماژەی بەوە دا، ئەمڕۆ ئەنجامی پشکنینی هاووڵاتییەکە دەرچوو، دەرکەوت تووشی نەخۆشی تای خوێنبەربوون بووە.
لای خۆیەوە وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی کوردستان، لە ڕاگەیەنەراوێکدا تووشبوونی هاووڵاتییەکەی دەڤەری زاخۆی بە نەخۆشی تای خوێنبەربوون پشتڕاست کردەوە و ئاماژەی بەوە دا، تووشبووەکە تەمەنی 28 ساڵە و پیشەی ئاژەڵدارە، هەروەها بەرکەوتەی ئاژەڵی تووشبوو بووە.
وەزارەتەکە دەڵێت: نەخۆشەکە لە نەخۆشخانە خەوێنراوە و چارەسەر وەردەگرێت و تا ئێستا باری تەندروستی جێگیرە.
وەزارەتی تەندروستی داوا لە هاووڵاتییان دەکات، پابەندیی ڕێنماییەکانی وەزارەتەکە بن. گوتیشی: لەکاتی بوونی گومان و نیشانەکانی نەخۆشی لەسەر ئاژەڵ پێویستە تیمەکانی ڤێرتەرنەری ئاگادار بکرێنەوە.
وەزارەتەکە ئاماژەی بەوەش کردووە، تا ئێستا دوای بوونی چەندین حاڵەتی گومانلێکراوی نەخۆشی تای خوێنبەربوون لە هەرێمی کوردستان و هاتنیان بۆ نەخۆشخانە و بەدواداچوون و پشکنین بۆ گومانلێکراوان لەماوەی دوو مانگی ڕابردوو، دەرەنجام تەنیا پێنج حاڵت دەستنیشان کراون و پشتڕاستکراونەتەوە کە بەداخەوە حاڵەتێکیان لەبەر قورسی باری تەندروستی گیانی سپارد و ئەوانی دیکەش بە تەواوی چاکبوونەتەوە و لە نەخۆشخانە دەرچوونە.