ئەنجوومەنی وەزیران: بڕیاری ڕاگرتنی مووچە، سزادانی بە کۆمەڵی خەڵکی کوردستانە

ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان جەختی کردەوە، کە نابێت لە ژێر هیچ پاساو و بیانوویەک، قووتی مووچەخۆرانی هەرێم بۆ هەشت مانگی داهاتوو ڕابگیرێت. دەشڵێت: حکوومەتی فیدراڵ بەم بڕیارە سیاسییەی گەمارۆ دەخاتە سەر هەرێم و بڕیارەکەش سزادانی بە کۆمەڵی خەڵکی هەرێمی کوردستانە.

 

"بڕیاری ڕاگرتنی مووچەی هەرێمی کوردستانی نادەستووریی و نایاساییە"

بە گوێرەی ڕاگەیەنراوی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان، بڕگەی یەکەمی کۆبوونەوەکە، تایبەت بوو بە بەدواداچوون بۆ بابەتی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان، سەرەتا سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی، باسی لەوە کرد کە هەرێمی کوردستان پابەندییەکانی خۆی بە تەواوی جێبەجێ کردووە وشەفافانە سەرجەم داتا و زانیاریەکانی دارایی بۆ تیمی هاوبەشی هەردوو دیوانی چاودێریی دارایی فیدراڵ و هەرێم خستووەتە ڕوو و لە سەرەتای ساڵی دارایی 2025 ڕێککەوتنی هاوبەش لە نێوان هەردوو وەزارەتی دارایی فیدراڵ وهەرێم ئیمزا کرا بۆ دابینکردنی تەواوی مووچەی مانگەکانی ئەمساڵ، ئەویش پشتبەست بە بڕیاری دادگای فیدراڵیی کە ڕێگە نادات ناکۆکییەکانی نێوان هەردوو حکوومەت لەسەر جێبەجێکردنی یاسای بودجە، هۆکار بێت بۆ ڕاگرتنی خەرجکردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم.

جەختی لەوە کردەوە، دەستووری عێراق بنەمای یەکسانی لە نێوان سەرجەم عێراقییەکان جێگیر کردووە و دادگای فیدراڵیش جەختی کردووەتەوە لەسەر مامەڵەکردنی مووچەخۆرانی هەرێم وەک هاوتاکانیان لە حکوومەتی فیدراڵ، بۆیە نابێت لە ژێر هیچ پاساو و بیانوویەک، قووتی مووچەخۆرانی هەرێم بۆ هەشت مانگی داهاتوو ڕابگیرێت، بە تایبەتیش کە چەند ڕۆژێکی کەمی ماوە بۆ جەژنی پیرۆزی قوربان، بۆیە حکوومەتی فیدراڵ بەم بڕیارە سیاسیەی، گەمارۆ دەخاتە سەر هەرێم و ئەم بڕیارە سزادانی بەکۆمەڵی سەرجەم هاووڵاتییانی هەرێمە.

هاوکات ئەنجوومەنەکە بڕیاری ڕاگرتنی مووچەی هەرێمی کوردستانی بە نا دەستووریی و نایاسایی دەزانێت و داوای کرد ئەنجوومەنی وەزیرانی فیدراڵ، پێداچوونەوەی پێویست بەم بڕیارەی وەزارەتی دارایی فیدراڵ بکات لەبەر ڕۆشنایی بڕیاری دادگای باڵای فیدراڵی، بۆ ئەوەی مووچەخۆرانی هەرێم بێبەش نەبن لە شایستەکانی خۆیان وکار بە دوا ڕێککەوتنی هاوبەشی نێوان هەردوو وەزارەتی دارایی فیدراڵ وهەرێم بکرێت. هەروەها بڕیاریش درا نامەیەکی فەرمی ئاراستەی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و نوێنەری وڵاتان بکرێت کە تێیدا لایەنە دەستووریی و یاسایی و داراییەکان ڕوون بکرێتەوە و داوای هەماهەنگیی و پشتیوانیی چارەکردنی گرفتی مووچەی هەرێم بکرێت لە چوارچێوەی دەستوور.

ئەنجوومەنی وەزیران ڕەزامەندیی دا لەسەر لێخۆشبوون لە پێشینەی هاوسەرگیریی بۆ کوڕ و کچی شەهیدان 

بڕگەی دووەمی کۆبوونەوەکە، تایبەت بوو بە خستنەڕووی نووسراوی وەزارەتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان کە پێشنیازیان کردووە لێخۆشبوون بۆ کوڕو کچی شەهیدان و زیندانیانی سیاسیی بکرێت لە پێشینەی هاوسەرگیری، لەسەر بنەمای بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیران ژمارە (158) لە 2025/3/12 بۆ ئەوانەی کە سوودمەند نەبوون لە منحە و دیاریی هاوسەرگیریی، پاش خستنەڕووی ڕاپۆرتێک لەلایەن عەبدوڵلا حاجی مەحموود، وەزیری کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان، ئەنجوومەنی وەزیران بە کۆی دەنگ ڕەزامەندیی لەسەر پێشنیازەکە دا.

وەزارەتی دارایی ڕاسپێردرا ئامادەکاری بۆ یەکخستنی ژمارە و داتای سەرجەم کارمەندانی گرێبەست بکات

بڕگەی سێیەمی کۆبوونەوەکە تایبەت بوو بە خستنەڕووی بابەتی کارمەندانی گرێبەست لەسەر بودجەی پەرەپێدان و داهات و پێشینەی بەردەوام و کرێی رۆژانە.

پاش گفتوگۆ، ئەنجوومەنی وەزیران وێڕای پشتیوانیی بۆ ڕەوایەتی داواکاری ئەو کارمەندانە لە سەرجەم دامەزراوەکانی هەرێم، بە مەبەستی ڕێکخستنەوەی ئەم بابەتە بە بڕیارێکی گشتگیر بۆ سەرجەم وەزارەتەکان، ئەنجوومەنەکە بڕیاری دا بە ڕاسپاردنی وەزارەتی دارایی و ئابووری کە ئامادەکاری باشتری بۆ بکرێت لە ڕووی یەکخستنی ژمارە و ئامارەکان لەسەر ئاستی سەرجەم وەزارەتەکان وسەرەڕای هەڵسەنگاندنی ئیداریی و دارایی بابەتەکە، تا لە کۆبوونەوەکانی داهاتووی ئەنجوومەنەکە بڕیاری یەکلاییکەرەوەی لەسەر بدرێت.

بە بۆنەی جەژنی قوربان، ڕۆژی هەینی 6ـی حوزەیران تا ڕۆژی دووشەممە 9ـی حوزەیران پشوو دەبێت

لە کۆتایی کۆبوونەوەکەدا، ئەنجوومەنی وەزیران پیرۆزبایی جەژنی قوربانی لە سەرجەم موسڵمانان و هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستان کرد.

 بەو بۆنەیەوە، ئەنجوومەنەکە بڕیاری دا لە ڕۆژی هەینی 2025/6/6 تا ڕۆژی دووشەممەی هەفتەی داهاتوو 2025/6/9 ڕۆژانی پشووی جەژنی قوربان بێت و ڕۆژی سێشەممە 2025/6/10 دەوامی فەرمیی دەست پێ دەکاتەوە.

 
 
 
 
 
 
 
 
 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment