بەرپرسانی عێراق پسپۆڕن لە سپیکردنەوەی پارە

بەرپرسانی عێراق  پسپۆڕن لە سپیکردنەوەی پارەکانیان، پێشتر لە ڕێگەی دروستکردنی یەکەی نیشتەجێبوون، ئارایشتگا و شتی دیکەوە پارەیان سپی دەکردەوە، ئێستا پەنایان بردووە بۆ دروستکردنی هۆتێلی پێنج ئەستێرە لە بەغدا.

بەرپرسێکی عێراق کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت بۆ کوردستان24 گوتی: دۆسیەی دروستکردنی هۆتێلەکان گەر لێی بکۆڵیتەوە گەندەڵی زەبەلاحت بۆ دەردەکەوێت، کە چۆن بەرپرسەکان خەریکی سپیکردنەوەی پارەن.

عەباس عیمران، ئابووریناس ڕاگەیاند "سپیکردنەوەی پارە بەشێوەیەکی بەرچاو لە زیادبوونە، ئەم دیاردەیە زیاتر لە بە‌غداد هەیە و چاوەکان لەسەر ئەم شارەیە، گەندەڵەکان ڕۆژانە یاری بە دەیان ملیۆن دۆلاری ئەم خەڵکەوە دەکەن. دەبینین چۆن بە بەهای ملیاران دینار ڕۆژانە هۆتێل دروست دەکرێن، کێ مۆڵەتی دروستکردنیان دەدات، چونکە زۆرینەی ئەو شوێنانەی هۆتێلیان تێدا دروست دەکرێت گونجاو نین بۆ هۆتێل."

ئەحمەد عەلا، چاودێریش دەڵێت: ژمارەیەکی زۆر هۆتێل لەسەر شێوازی ڕۆژئاوای لە عێراقدا دروست دەکرێن، دروستکردنەکەیان بەجۆرێکە لەئاستی عێراقدا نییە، وڵات پێویستی بەم ژمارە زۆرەی هۆتێل نییە، شەفافیەتیش لەناو پرۆژەکاندا ونە، ئەگەر بمانەوێت لە دۆسیەکە بکۆڵینەوە دەزانین گەندەڵییەکی گەورە هەیە و چاودێری حکوومەتیش لاوازە، بەتایبەتی لە کەرتی وەبەرهێنان.

بەمدوایانە دروستکردنی هۆتێلی گەورە لە بەغدا و پارێزگاکانی دیکەی عێراق بووەتە جێگەی پرسیار، خەڵک دەپرسن؛ وەبەرهێنەرەکان ئەو پارەیان چۆن دەستکەتووە کە هۆتێلی بەم شێوەیە دروست بکەن.

 
 
 
 
 
 

 

Fly Erbil Advertisment