لەسەر بەشکردنی میرات برایەکیان خەڵتانی خوێن کرد

لە گوندێکی سنووری پارێزگای سنەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، سێ برا لەسەر بەشکردنی میراتی باوکیان بووەتە شەڕیان، دوو لە براکان بە تاپڕ براکەی دیکەیان خەڵتانی خوێن کرد و کۆتاییان بە ژیانی هێنا.
گوندی ساتیلەی سنە بەهۆی ئەو ڕووداوەوە بووەتە باسی گەرمی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و لە بەشێکی لە ماڵپەڕەکانی هەواڵ و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاو کراوەتەوە و ئاژانسی تەسنیمی ئێران، نووسیویەتی: دوو برای بێویژدان بەهۆی ناکۆکیان لەسەر دابەشکردنی میران، برایەکی گەنجی خۆیان بە تاپڕ کوشتووە.
هەروەها ئاماژەیداوە، کوژراوەکە گەنجێکی تەمەن 37 ساڵە و هێشتا ژیانی هاوبەشی پێکنەهێنا بوو، بەڵام لەگەڵ دایکە بەساڵاچووەکەی لە گوندەکەیان دەژیان، دوای ئەوەی لەگەڵ دوو براکەی دەبێتە دەمەقاڵێیان لەبەردەم دەرگای ماڵی باوکیان لەلایەن دوو براکەیەوە تەقەی لێکراوە و کوژراوە.
بە گوتەی پۆلیسی سنە، دوو بکوژەکە هەڵاتوون و لێكۆڵینەوەی سەرەتاییش لە ڕووداوەکە دەستی پێکردووە، هەروەها تیمەکانی پۆلیس لە هەموو شوێنێک بڵاوکراونەتەوە بۆ ئەوەی هەردوو برا تاوانبارەکە دەستگیر بکەن.