بوومەلەرزەیەک بە گوڕی 6.4 پلەی ڕێختەر باکووری چیلی هەژاند

بەپێی سەنتەری نیشتمانی بومەلەرزەزانی چیلی درەنگانی شەوی هەینی، بوومەلەرزەیەک بە گوڕی 6.4 پلەی ڕێختەر لە ناوچەی ئەتاکاما لە باکووری چیلی ڕووی دا.

دەشڵێت: بوومەلەرزەکە هیچ بریندارێکی لێ نەکەوتووەتەوە، بەڵام زیاتر لە 20 هەزار کەس بێ کارەبا بوون. 

گابرێل بۆریچ، سەرۆکی چیلی لە پۆستێکی هەژماری تایبەتی خۆی ئێکس نووسیویەتی: تا ئێستا هیچ بریندارێک تۆمار نەکراوە.

میگێل ئۆرتیز، جێگری بەڕێوەبەری فریاکەوتنی دەزگای نیشتمانیی خۆپاراستن لە کارەساتەکان دەڵێت: دوای ئەم بوومەلەرزەیە، 23 هەزار کەس لە ناوچەی ئەتاکاما بێ کارەبا بوون.

چیلی یەکێکە لەو وڵاتانەی کە چالاکترین بوومەلەرزەی هەیە، بەو پێیەی سێ پلاکی تەکتۆنیکی لەسەر خاکەکەی کۆدەبنەوە:  پلاکی نازکا، پلاکی ئەمەریکای باشوور و پلاکی جەمسەری باشوور.

لە ساڵی 1960 بوومەلەرزەیەک بە گوڕی 9.5 پلەی ڕێختەر، شاری ڤاڵدیڤیای باشووری وێران کرد و نۆ هەزار و 500 کەس گیانیان سپارد.

لە ساڵی 2010 بوومەلەرزەیەک بە گوڕی 8.8 پلە و دواتر تسونامی زیاتر لە 520 کەس گیانیان سپارد.

 
 
 
Fly Erbil Advertisment