پۆرتوگاڵ و ئیسپانیا چاوییان لە نوسینەوەی مێژوویەکی نوێیە

رۆناڵدۆ و یامال
رۆناڵدۆ و یامال

هەردوو هەڵبژاردەی ئیسپانیا پاڵەوانی ساڵی رابردوو خولی نەتەوەکانی ئەوروپا و هەروەها پۆرتوگاڵ پاڵەوانی یەکەم وەشانی پاڵەوانێتیەکە، لە یاریی کۆتایی ئەمساڵ رووبەڕووی یەکتری دەبنەوە، هەردوو هەڵبژاردە مەبەستیانە مێژوویەکی نوێ لە تۆپی پێ ئەوروپا تۆمار بکەن.


هەڵبژاردەی پۆرتوگاڵ بۆ جاری یەکەم ساڵی 2019 توانی بە سەرکردایەتی کریستیانۆ رۆنالدۆ، ناسناوی خولی نەتەوەکانی ئەوروپا بباتەوە، ئەمجارەشیان ئەو هەڵبژاردەیە دیسان بە سەرکردایەتی گۆڵکارە مێژووییەکەی دەیەوێت ببێتە یەکەم هەڵبژاردە، دوو ناسناوی پاڵەوانێتیەکە بباتەوە.


پۆرتوگاڵیەکان هەروەکو چۆن 25 ساڵ بوو بەرامبەر ئەڵمانیای رکابەری پێشوویان براوە نەببون، بەرامبەر ئیسپانیەکانیش حاڵیان پەرێشانە و 21 ساڵە هیچ یارییەکیان بەرامبەر لارۆخا نەبردووەتەوە، دوایین بردنەوەیان بەرامبەر ئەو هەڵبژاردەیە، هاوینی ساڵی 2004 لە یۆرۆی پۆرتوگاڵ بوو.

لەلایەکی دیکەوە هەڵبژاردەی ئیسپانیای پاڵەوانی وەشانی رابردووی خولی نەتەوەکانی ئەوروپا، دەیەوێت بە سەرکردایەتی لامین یامالی مێردمنداڵ، ببێتە یەکەم هەڵبژاردەی دوو ناسناوی لەسەر یەک و هەروەها دووجار ببێتە پاڵەوان.


جەنگاوەرە لاوەکانی لارۆخا قۆناغی پێشکۆتایی خولی نەتەوەکانی ئەوروپا، توانیان بردنەوەیەکی گەورە و مێژوویی بەرامبەر فەڕەنسا تۆمار بکەن و بۆ جاری دووەم لەسەر یەک گەیشتنە یاری کۆتایی. ئەوان بونە یەکەم هەڵبژاردەی دووجار لەسەر یەک سەرکەون بۆ یاری کۆتایی.


لامین یامال گۆڵکارە لاوەکەی هەڵبژاردەی ئیسپانیا، دەرفەتێکی زێڕینی لەبەردەمە ئەگەر بیەوێت ببێتە خاوەنی خەڵاتی باڵۆن دۆری 2025. ئیسپانیەکان بە بردنەوە لەم یارییە، دەتوانن هاوکارییەکی باشی ئەو یاریزانە بکەن بۆ بەدەستهێنانی خەڵاتی باڵۆن دۆر.


هەڵبژاردەی ئیسپانیا لەوەتەی مانگی ئاداری ساڵی 2023 هیچ یارییەکی فەرمی نەدۆڕاندووە، لەو کاتەوە 25 یارییان لە پاڵەوانێتیە فەرمیەکان بەرامبەر رکابەرەکانیان کردووە، خاوەنی 24 بردنەوە و لە یارییەکیش بەرامبەربوینە.

 
Fly Erbil Advertisment