ئیسماعیل بەقایی: هەفتەی داهاتوو گەڕێکی دیکەی دانووستانەکان بەڕێوە دەچێت

وادەی شەشەمین خولی دانوستانەکان کە چاوەڕوان دەکرێت لە نێوان شاندی ئێران بە سەرۆکایەتیی عەباس عراقچی، وەزیری دەرەوە و شاندی ئەمەریکایی بە سەرۆکایەتیی ستیڤ ویتکۆف، نوێنەری ئەمەریکا، سەبارەت بە بەرنامەی ئەتۆمیی ئێران ڕاگەیەنرا.

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا ڕایگەیاند، پێنجشەممەی داهاتوو گفتوگۆی نوێی ئەمەریکا و ئێران دەکرێت، بەڵام سەرچاوەیەکی نزیک لەو بابەتە ئاماژەی بەوە دا، پێدەچێت کۆبوونەوەکە ڕۆژی هەینی یان شەممە  بکرێت.

لەلایەکی دیکەوە، ئیسماعیل بەقایی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران ڕایگەیاند "ڕۆژی یەکشەممەی داهاتوو خولی شەشەم لە شاری مەسقەت بەڕێوە دەچێت."

بەقایی گوتی: تاران بەم زووانە پێشنیازێک دەخاتە بەردەم لایەنی ئەمەریکی، لە ڕێگەی سەڵتەنەتی عوممانەوە.

پێشتر عەباس عراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران ڕایگەیاند "لە چوارچێوەی هەوڵە بەردەوامەکان بۆ زیندووکردنەوەی ڕێڕەوی دیپلۆماسی وەستاو لە بارەی پرسی ئەتۆمی، سەڵتەنەتی عوممان بەم نزیکانە بەفەرمی وادەی خولی داهاتووی دانوستانی ناڕاستەوخۆی نێوان ئێران و ئەمەریکا ڕادەگەیەنێت."

لە بەیاننامەیەکدا، عراقچی ڕوونی کردووەتەوە "مەسقەت بەردەوامە لە ڕۆڵی نێوەندگیری کاریگەر لە نێوان تاران و واشنتن"، جەختی لەوەش کردەوە، خولی داهاتوو لەسەر بنەمای پێشنیازێکی نوێ کە ئێران بەم دواییە لە لایەنی ئەمەریکییەوە وەریگرتووە دەبێت و تاران وەڵامی خۆی بەگوێرەی بنەما نیشتمانییەکان و بەرژەوەندییەکانی گەلی ئێران ئامادە دەکات."

 
 
 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment