عەباس کازم: هەردوو حکوومەتی هەرێم و فیدراڵ پێداگرن لەسەر چارەکردنی کێشەکانی نێوانیان

عەباس کازم، نوێنەری عێراق لە ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی
عەباس کازم، نوێنەری عێراق لە ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی

نوێنەری عێراق لە ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی ڕایگەیاند: پەیوەندیی نێوان حكوومەتی عێراق و هەرێمی كوردستان لەسەر بنەمای گفتوگۆ و لێكتێگەیشتنی هاوبەشە.

سێشەممە 10ـی حوزەیرانی 2025، ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی، لەبارەی دۆخی عێراق کۆ بووەوە.

عەباس کازم، نوێنەری عێراق لە ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی، لە كۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجوومەنەکەدا گوتی: پەیوەندیی نێوان حكوومەتی عێراق و هەرێمی كوردستان لەسەر بنەمای گفتوگۆ و لێكتێگەیشتنی هاوبەشە، هەردوو حكوومەت پێداگرن لەسەر چارەكردنی كێشەكانیان لە ڕێگەی دانوساندن و پابەندبوون بە دەستوورەوە.

گوتیشی: چارەکردنی کێشەکانی نێوان بەغدا و هەولێر لەسەر بنەمای دەستوور، هاوكار دەبێت بۆ باشتركردنی سەقامگیری نیشتمانی و بەدەستهێنانی بەرژەوەندییەكانی هاووڵاتییانی عێراق.

لە لایەکی دیکەوە کارۆلاین کوین، جێگری هەماهەنگکاری سیاسی بەریتانیا لە ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی، گوتی: لە نزیکەوە لە چاودێریکردنی هەوڵەکان لە هەرێمی کوردستان بۆ پێکهێنانی حکوومەت بەردەوامین، کە ئەمەش زۆر گرنگە بۆ سەقامگیری هەرێمی کوردستان و باشتر وایە پێش هەڵبژاردنەکانی فیدڕاڵی بکرێت. 

جێگری هەماهەنگکاری سیاسی بەریتانیا لە ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی، دەشڵێت: هیوا خوازین سەرکردە سیاسی و حزبەکانی هەرێمی کوردستان بتوانن بەسەر جیاوازییەکانیاندا زاڵ بن و زوو حکوومەت پێک بێنن.

لای خۆیەوە ڕۆبێرت وود، نوێنەری ئەمەریکا لە ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی، ڕایگەیاند: ئەمەریکا پابەندە بە کارکردن لەگەڵ حکوومەتی عێراق بۆ بەهێزکردن و قووڵکردنەوەی هاوبەشیی درێژخایەنی نێوان حکوومەتەکان بە شێوەیەکی گشتی، لە پێناو عێراقێکی پارێزراو، سەقامگیر و خاوەن سەروەری.

 
 
Fly Erbil Advertisment