دیاربەکر.. بۆ گرنگیدانی زیاتر بە فەرهەنگ و زمانی کوردی دوو کتێبخانە کرانەوە

لە شارۆچکەی ڕەزانی دیاربەکر، دوو کتێبخانە بەناوی هەردوو نوسەرانی کورد عەرەبێ شەمۆ و سیما سەمەند کرانەوە، بڕیاریش وایە ئەمساڵ شەش کتێبخانە لەو ناوچەیەدا بکرێنەوە.

پێنجشەممە، 12ـی حوزەیرانی 2025، لە شارۆچکەی ڕەزانی دیاربەکر دوو کتێبخانەی تایبەت بە ناوی هەردوو نووسەری کورد سیما سەمەند و عەرەبێ شەمۆ لە ناوەندیی شارۆچکەکە کرانەوە.

دۆغان هاتوون، هاوسەرۆکی گەورە شارەوانی شاری دیاربەکر بە کوردستان24ـی گوت: کردنەوەی ئەم دوو کتێبخانەیە تەنیا بەس نابێت، بەڵکوو دەبێتە هۆی چەندین چالاکی پەروەردە و زمان و کولتووری کوردی، ئەمە جگە لەوەی ئامانجی ئێمە ئەوەیە خزمەت بە وێژە و مێژووی کورد بکات.

دۆغان هاتوون گوتیشی: ئێستا بە شێوەیەکی جیاوازتر کار دەکەین، کتێبخانەکانمان هێناوه‌تە نێو کووچە و کۆڵانەکان، بەتایبەتی بۆ ئەم ناوچەیە کە ناوچەیەکی تا ڕادەیەک هەژارنشینە بەراورد بە شوێنەکانی دیکە، بۆ ئەوەی منداڵان پەروەردە بکرێن لەسەر زمان و کولتووری کوردی.

لە کاتی کردنەوەی ڕێورەسمی هەردوو کتێبخانەکەدا بەشداربووان باسیان لەوە کرد، ئەم کتێبخانەیە گرنگییەکی زۆری دەبێت لەم شوێنە بەتایبەتی بۆ منداڵان کە ڕەنگە خواستی خوێندنەوەی کتێبیان زۆر بێت و نەتوانن بە دەستی بهێنن، بۆیە لێرە بە خۆرایی بەدەستیان دەکەوێت.

بڕیار وایە ئەمساڵ شەش کتێبخانەی تایبەت لە ناوچەی ڕەزانی دیاربەکر بکرێنەوە، بۆ ئەوەی خزمەتی زیاتر بە فەرەهەنگ و زمانی کوردی بکات.

ئەمساڵ چەندین چالاکی تایبەت بە کتێبی کوردی لە دیاربەکر بەڕێوە چووه‌، لە دیارترینیان کردنەوەی یەکەمین پێشانگای کتیب بوو لەو شارە.

 

 
 
 

Fly Erbil Advertisment