فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە، هەڵگرانی پاسپۆرتی عێراقی ئاگادار دەکاتەوە

فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، دەڵێت: هەڵگرانی پاسپۆرتی عێراقی لە هەر وڵاتێک بن و بیانەوێت بگەڕێنەوە هەرێمی کوردستان، بە گەیشتنیان بۆ وڵاتی تورکیا ڤیزای ترانزێتی پێنچ ڕۆژەیان پێ دەدرێت.

شەممە 14ـی حوزەیرانی 2025، فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە ڕاگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوە دا. لە ڕێگەی لیژنەیەکی تایبەت لە فەرمانگە و وەزارەتی ناوخۆی حکوومەتی هەرێم، لەگەڵ لایەنە فەرمی و پەیوەندیدارەکانی تورکیا، لە پەیوەندیی بەردەوامدا بووین بۆ ئەوەی بە ڕێگەی وشکایی ئاسانکاری بۆ هاووڵاتییان بکرێ بە تایبەت ئەوانەی ڤیزایان نییە. 

فەرمانگەکە دەڵێت: لە قوناغی یەکەمی ئەم پرۆسەیەدا، توانرا ڤیزای ترانزێت بۆ نزیکەی 300 هاووڵاتیی هەرێمی کوردستان دابین بکرێت، ئەمڕۆش 50 کەس بە هەماهەنگی و هاوکاری سەرپەرشت و بەڕپرسانی دەروازەی سنووری ئیبراهیم خەلیل - خابوور دەربازی هەرێمی کوردستان بوون و تا شاری هەولێر پاسیان بۆ دابین کرا.

فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان. باسی لەوەش کرد، بە سوپاسەوە لە ڕێگەی کونسوڵگەری گشتیی تورکیا لە شاری هەولێر، ئاگادار کراینەوە، کە هەموو هاووڵاتییەکی هەڵگری پاسپۆرتی عێراقی لە هەر وڵاتێک بێت و بیەوێت بگەڕێتەوە هەرێمی کوردستان، بە گەیشتنی بۆ تورکیا ڤیزای ترانزێتی پێنچ ڕۆژەی پێ دەدرێت.

ئەمەش لە کاتێکدایە دوێنێ، فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، ڕایگەیاندبوو: لە ئاکامی گرژییەکانی ناوچەکە، ئاسمانی عێراق داخرا و گەشتەکانی چوون و هاتن لە سەرجەم فڕۆکەخانەکان ڕاگیران، ئەمەش گرفتێکی زۆری بۆ هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان لە فڕۆکەخانەکانی ئیستانبوڵ دروست کرد کە بەشێوەی ترانزێت دەیانویست بگەڕێنەوە هەرێمی کوردستان و هاوکات ژمارەیەک لە حاجییان کە سەفەری حه‌جیان کردبوو، لە ڕێگەی گەڕانەوەیان لە فڕۆکەخانەی عەممان گیریان خواردووە.

 
 
 
 
 
 
 
 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment