عراقچی: ئه‌گه‌ر ئه‌مه‌ریكا له‌و شه‌ڕە بگلێت، هیچ ئومێدێك بۆ دانوستانه‌كان نامێنێت

وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئێران ده‌ڵێت، یه‌ك ته‌له‌فۆنی ئه‌مه‌ریكا به‌سه بۆ ڕاگرتنی شه‌ڕ و ڕێگه بۆ دووباره گه‌ڕانه‌وه بۆ چاره‌ی دیپلۆماتیی خۆش ده‌كات.
دووشه‌ممه، 16ـی حوزه‌یرانی 2025، عه‌باس عراقچی، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئێران له تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تی (ئێكس) ڕایگه‌یاند، ئێران شه‌ڕی ده‌ست پێ نه‌كردووه، به‌ڵام ئاماده‌یه تا دوایین چركه‌سات بجه‌نگێت.
وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئێران جه‌ختیشی كردووه‌ته‌وه، تا ئیسرائیل له هێرشه‌كانی به‌رده‌وام بێت، ئێرانیش بێوه‌ڵام نابێت و به‌رده‌وام ده‌بێت.
عه‌باس عراقچی هۆشداریشی له تێوه‌گلانی ئه‌مه‌ریكا له شه‌ڕه‌كه داوه و گوتووشیه‌تی، ئه‌گه‌ر ئه‌مه‌ریكا تێوه بگلێت، هیچ ئومێدێك بۆ دانوستانه‌كان نامێنێت و چاره‌نووسێكی خراپ به دوای خۆیدا ده‌هێنێت كه هیچ كه‌س پێشبینی ناكات و كاره‌سات به‌سه‌ر ئاسایشیی ناوچه‌كه و ئابووریی جیهاندا ده‌هێنێت.
عراقچی ڕوونیشی كردووه‌ته‌وه، یه‌ك ته‌له‌فۆنی ئه‌مه‌ریكا به‌سه بۆ ئه‌وه‌ی كۆتایی به‌و شه‌ڕه‌ی ئیسرائیل بهێنیت و ڕێگه بۆ دووباره گه‌ڕانه‌وه بۆ چاره‌ی دیپلۆماتیی خۆش بكات.