عراقچی: كارێكی وا به‌ ئیسرائیل ده‌كه‌ین، له‌و هه‌ڵه‌ كوشنده‌یه‌ی كردی په‌شیمان ببێته‌وه‌

وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئێران ڕایده‌گه‌یه‌نێت، سه‌رۆك وه‌زیرانی ئیسرائیل ئاگری ئه‌م جه‌نگه‌ی له‌ دژی ئێران هه‌ڵگیرساند بۆ ئه‌وه‌ی ڕێڕه‌وه‌ دیپلۆماسییه‌كان تێك بدات.

پێنجشه‌ممه‌‌، 19ـی حوزه‌یرانی 2025، عه‌باس عراقچی، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئێران له‌ لێدوانێكی ڕۆژنامه‌وانیدا ڕایگه‌یاند، تاران به‌وپه‌ڕی شانازی و بوێرییه‌وه‌ له‌ به‌رگریكردن له‌ خۆی به‌رده‌وام ده‌بێت.

وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئێران گوتشی، وڵاته‌كه‌ی تا ئێستا ته‌نیا وه‌ڵامی ئیسرائیلی داوه‌ته‌وه‌ نه‌ك ئه‌وانه‌ی پشتیوانی ده‌كه‌ن و یارمه‌تی ده‌ده‌ن.

عه‌باس عراقچی جه‌ختیشی كرده‌وه‌، كارێكی وا به‌ ئیسرائیل ده‌كه‌ن، له‌و هه‌ڵه‌ كوشنده‌یه‌ی كردوویه‌تی، په‌شیمان ببێته‌وه‌ و باجێكی قورسیش بدات.

بەرەبەیانی ڕۆژی هەینی، 13ـی حوزەیرانی 2025، سوپای ئیسرائیل بە فڕۆکەی جەنگی و درۆنەوە، هێرشی کردە سەر ئێران و بۆمبارانی دامەزراوە ئەتۆمییەکان، کارگەکانی دروستکردنی مووشەکی بالیستیکی کرد و ژمارەیەک لە سەرکردە سەربازیی و زانایانی ئەتۆمیی ئێرانشی کوشت.

لە بەرانبەردا ئێران لە درەنگانی شەوی هەینی سەدان مووشەکی بالیستی ئاراستەی تەلئەڤیڤ کرد و سیستەمی بەرگریی ئاسمانیی ئیسرائیل بەرپەرچی زۆرینەی مووشەکەکانی دایەوە. بەڵام ژمارەیەکیان کەوتەنە خوارەوە و لە ئەنجامدا چەندین باڵەخانە و خانوو، خاپوور بوون.

 
 
Fly Erbil Advertisment