ڕووسیا هۆشداری بە ئەڵمانیا دەدات

ڤلادیمێر پوتن، سەرۆکی ڕووسیا هۆشدارییەکی گەورەی بە پەیوەندییەکانی نێوان ڕووسیا و ئەڵمانیا دا، لەوەی ئەگەر حکوومەتی ئەڵمانیا مووشەکی کروزی تاوروس ڕادەستی ئۆکرانیا بکات.
پوتن لە میانی دیدارێکدا لەگەڵ نوێنەرانی ئاژانسەکانی هەواڵ ڕایگەیاند، هێرشی مووشەکەکان پەیوەستە بە ئەفسەرە سەربازییەکانی ئەڵمانیا و داتای مانگی دەستکرد، هەر بۆیە بەکارهێنانی بە مانای تێوەگلانی ڕاستەوخۆی ئەڵمانیا لە شەڕی ئۆکرانیادا دێت.
پوتن ڕایگەیاند "مووشەکەکانی تاوروس کاریگەریی لەسەر ڕەوتی شەڕەکە نابێت، چونکە سوپای ڕووسیا هێڵی پێشەوەی بەدەستەوەیەو بەردەوام هێرش دەکات. ڕوونیشی کردەوە، ئەگەر ئۆکرانیا ئەو چەکانەش لە ئەڵمانیا وەربگرێت، هیچ شتێک پێشڕەوی هێزەکانی ڕووسیا ناگۆڕێت.
گوتیشی: هێزەکانی ڕووسیا لە هەموو ئاراستەکاندا ستراتیجییان هەیە، هێزە چەکدارەکانمان بەدرێژایی هێڵی پێشەوە هێرش دەکەن.
لە هەمان کاتدا، پوتن، داوای لە ئۆکرانیا کرد پێش ئەوەی دۆخی ئۆکرانیا تێک بچێت، پێشنیازی ڕووسیا بۆ دانوستانی ئاشتی قبووڵ بکات.
ڕووسیا، لەم دواییانەدا لیستی داواکارییەکانی خستۆتە ڕوو؛ بۆ نموونە مۆسکۆ داوای ئەوە دەکات کیێڤ دەستبەرداری ئەو خاکانەی ئۆکرانیا بن لەلایەن ڕووسیاوە داگیرکراون. ئەم داواکارییەش ئۆکرانیا بە یەکجاری ڕەتی دەکاتەوە.
پوتین دووبارە هەڕەشەی لە ئۆکرانیا کرد، ڕووسیا بە هێزی سەربازیی ئامانجەکانی خۆی بەدی دەهێنێت ئەگەر بە دانوستاندن کێشەکە چارە نەکرێت.
ڕووسیا لە 24ـی شوباتی 2022 شەڕی دژی ئۆکرانیا دەست پێ کردووە.