ئەندامانی دادگای فیدراڵی عێراق دەستیان لە کار کێشایەوە

لە هەر نۆ ئەندامە سەرەکییەکەی دادگای فیدراڵیی عێراق، شەش ئەندامیان لەگەڵ سێ ئەندامی یەدەگ لە بڕیارێکی لەناکاو دەستیان لە کار کێشایەوە.
پێنجشەممە، 19ـی حوزەیرانی 2025، بە پێی زانییارییەکانی شڤان جەباری، پەیامنێری کوردستان24، لە بەغدا "شەش ئەندامی سەرەکی و سێ ئەندامی یەدەگی دادگای فیدراڵی عێراق، دەستیان لە کار کێشایەوە، لە کاتێکدا بڕیار بوو ئەمڕۆ دادگاکە، دەربارەی کێشەی مووچە و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان کۆ ببێتەوە و بڕیارێکی وەلائی بدات.
دوێنێ چوارشەممە سەرچاوەیەک لە دادگای فیدراڵی بەکوردستان24ـی ڕاگەیاندبوو، سەرۆکی دادگاکە داوای لە دادوەرە ئەندامەکانی دادگای فیدراڵی کردووە ئامادەی کۆبوونەوە ئەمڕۆ پێنجشەممە بن بۆ دەرکردنی بڕیارێک لەسەر مووچە و شایستە داراییەکانی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان.
هەروەها لە دەستپێکی کۆبوونەوەی دوێنێی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان، سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی، ئاماژەی بە بابەتی بڕینی مووچە و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان لەلایەن بەغدا کردبوو، ئەوەشی ڕاگەیاند بوو، نامەیەکی لەسەر بابەتی مووچە بۆ دادگای فیدراڵ ناردووە و ئومێدەوارە دادگاکە بڕیارێکی ئەرێیی لە قازانجی خەڵکی کوردستان بدات.