گواردیۆلا: ئێمە بەختمان هەیە کە بەشداری مۆندیالی یانەکان دەکەین

مانچێستەر سیتیش لە دووەم یاری خۆی، لە قۆناغی کۆمەڵەکانی مۆندیالی یانەکان، بەرەبەیانی سبەی دووشەممە کاتژمێر چواری بەیانی بە کاتی هەولێر رووبەڕووی یانەی عەینی ئیماڕاتی دەبێتەوە.
مانچێستەر سیتی دوای بردنەوەکەی یاری رابردوو بەرامبەر ویداد کازابلانکای مەغریبی، بەرەبەیانی سبەی دووشەممە کاتژمێر چوار بەکاتی هەولێر، رووبەڕووی یانەی عەینی ئیماڕاتی دەبێتەوە، کە ئەو یانەیە لە یاری یەکەم، بەرامبەر یوڤێنتوس بە ئەنجامی پێنج گۆڵی بێ وەڵام تووشی دۆڕان بووە.
مان سیتی دوای ئەوەی ئەم وەرزە نەیتوانی ناسناوەکانی پرێمەرلیگ و چامپیۆنزلیگ بەدەست بهێنێت، هەموو ئامانجیەتی ناسناوی مۆندیالی یانەکان بەدەست بهێنێت، بۆ ئەم مەبەستەش لە بازاری گواستنەوەی سەرەتای ئەم مانگە، سێ یاریزانی نوێی گواستەوە ریزەکانی.
پێش یارییەکە پێپ گواردیۆلا راهێنەری ئیسپانی یانەی مانچێستەر سیتی رایگەیاند، بەشداری کردن لە مۆندیالی یانەکان خالێکی بەهێز و شانازییە، چونکە تاوەکو چوار ساڵی دیکە ئەم پاڵەوانێتیە ناکرێتەوە و رەنگە ئەو کاتە بەشدار نەبین.
'' هەست پێدەکەم بەشداری کردن لە مۆندیالی یانەکان خاڵێکی بەهێزە، لەبەر ئەوەی کەسانێک هەن دەڵێن بەشداری کردن لەم پاڵەوانێتیە ئەوەندە گرنگ نیە، منیش دەڵێم ئەوە خاڵێکی بەهێزە، چونکە رەنگە چوار ساڵی دیکە نەتوانین بەشداری مۆندیالی یانەکان بکەین. ئێمە هەموو ئامانجمان بەدەستهێنانی ناسناوەکەیە و هەموو هەوڵێکیشی بۆ دەدەین. من خۆشەویستیەکی زۆرم بۆ یانەکانی بەڕازیل و ئەرجەنتین هەیە، شێوازی ئاهەنگ گێڕانی یاریزانان و هاندەرەکانیان زۆر سەرنجڕاکێشە، کلتوری ئەوانیش هاوشێوەی ئەوروپییەکانە، بەڵام ئەوەی ئەوانی لە ئەوروپییەکان جیادەکاتەوە، خۆشەویستی بێ سنوریانە بۆ تۆپی پێ ''.