بەهۆی ئاهەنگێڕان سێ کەس گیانیان لەدەستدا 70 کەسیش بریندار بوون

هاندەرانی یانەی ئێم سی جەزائیری
هاندەرانی یانەی ئێم سی جەزائیری

لە کاتی بەڕێوەچوونی ئاهەنگی پاڵەوان بوون لە وڵاتی جەزائیر، سێ هاندەری یانەی ئێم سی گیانیان لەدەستدا و نزیکەی 70 هاندەری دیکەی ئەو یانەیە بەم هۆیەوە برینداربوون و هەر زوو رەوانەی نەخۆشخانە کران.

وەزارەتی تەندروستی جەزائیر ئەمڕۆ یەکشەممە هەواڵەکەی پشتڕاستکردەوە. ئەم ڕووداوە دوای ماوەیەکی کەم لە ئاهەنگ گێڕان بە بۆنەی دووەم نازناوی لەسەریەکی یانەی ئێم سی ئەلجەر بوو. بەگوێرەی میدیا ناوخۆییەکانی ئەو وڵاتە، بەشێک لە پەیژەی سەرەوەی یاریگای یانەکە داڕما و بەهۆیەوە دەیان هاندەر کەوتوونەتە خوارەوە و سێ کەس گیانیان لەدەستداوە و ژمارەیەکی زۆریش برینداربوون.

وەزارەتی تەندروستی جەزائیر لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند: "نەخۆشخانەی زانکۆی بێنی مەسووس 38 برینداری لەخۆ گرتووە و سێ حاڵەتی گیانلەدەستدان تۆمارکراوە، هەروەها نەخۆشخانەی بن ئەکنون 27 برینداری لەخۆگرتووە و نەخۆشخانەی باب ئەلعودیش 16 برینداری لەخۆگرتووە.

دوای ئەو رووداوە ناخۆشە و تراژیدیایە عەبدولمەجید تێبۆن، سەرۆکی جەزائیر سەرەخۆشی لە کەسوکاری قوربانیان کرد و هیوای زوو چاکبوونەوەشی بۆ بریندارەکان خواست.

 
Fly Erbil Advertisment