هەر چوار سەرۆکایەتییەکەی عێراق لەبارەی نامەکەی مەسرور بارزانی کۆدەبنەوە

نامەکەی سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی، لەبارەی کێشەی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان، هەر چوار سەرۆکایەتییەکەی عێراقی کۆ کردەوە.
یەکشەممە 22ـی حوزەیرانی 2025، شڤان جەباری، پەیامنێری کوردستان24 لە بەغدا، ڕایگەیاند: هەر چوار سەرۆکایەتییەکەی عێراق، لەبارەی نامەکەی سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی، کە تایبەتە بە کێشەی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان، هەروەها لەبارەی دۆخی عێراق و ناوچەکە بە گشتی دەستیان بە کۆبوونەوە کرد.
پەیامنێری کوردستان24 ئاماژەی بەوە دا، چاوەڕوان دەکرێت لە دوای تەواوبوونی کۆبوونەوەکە، ڕاگەیەنراوێکی هاوبەش بڵاو بکرێتەوە، گەشبینییەک هەیە کە بتوانرێت کێشەی مووچە چارە بکرێت.
هەر ئەمڕۆ فارس عیسا، سەرۆکی نوێنەرایەتیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە بەغدا، نامەی سەرۆک وەزیرانی مەسرور بارزانی، بۆ چارەکردنی کێشەی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم، ئاراستەی سەرۆک کۆماری عێراقی کرد.
چوارشەممە 18ـی حوزەیرانی 2025، بە سەرپەرشتیی سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی و ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیران، ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆ بووەوە.
لە دەستپێکی کۆبوونەوەکەدا، سەرۆک وەزیران ئاماژەی بە بابەتی بڕینی مووچە و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان لەلایەن بەغدا کرد و گوتی، بە هەموو شێوەیەک، لە هەوڵ و کارکردنمان بەردەوامین بۆ چارەکردنی ئەم کێشەیە و بۆ ئەم مەبەستەش نامەیەکمان بۆ دادگای فیدراڵی ناردووە سەبارەت بە نایاسایی و نادەستووریبوونی بڕیاری بڕینی مووچە و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان لەلایەن وەزارەتی دارایی فیدراڵەوە.