به دەستلەکارکێشانەوەی دادوەرەکانی، دادگای باڵای فیدراڵی لە لێواری هەڵوەشاندنەوەدایە

بەشێک لە لایەنە سیاسیەکان و پسپۆڕانی یاسایی هۆشداری دەدەن لە پەکخستنی دادگای فیدراڵی، چونکە دواجار تەنها دادگای باڵای فیدراڵیە دەتوانێت بە جێبەجێکردنی بڕگەکانی ماددەی 93ـی دەستوور کێشە یاساییەکانی حوکمڕانی لە عێراق چارە بکات و بڕیار لە سەر بەرژەوەندییە گشتییەکان بدات .
عەباس عەقابی، شارەزای دەستووری، بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند "ئەگەر پەرلەمان یاسایەکی نادەستووری دەر بکات کێ بەو یاسایەدا دەچێتەوە؟ بێگومان دادگای فیدراڵی، بۆیە نابێت دەستلەکارکێشانەوەکە قبووڵ بکرێت، چونکە کێشەی گەورە دروست دەبێت. کێشەیەکی تر ئەوەیە یاسای دادگای فیدراڵی و پەیڕەوی ناوخۆ و دەستوور باسی شێوازی دەستلەکارکێشانەوەی نەکردووە، ئەو دەستلەکارکێشانەوەیە پێشکەشی کێ دەکرێت؟ سەرۆک وەزیران یان سەرۆککۆمار؟ هەموو ئەمانە گرفتن.
موفید سەعیدی، سەرۆکی دەزکای 'اقرء بۆ لێکۆڵینەوەی سیاسی' دەڵێت: ئێمە بەرەو هەڵبژاردن دەچین، پەسەندکردنی ئەنجامی هەڵبژاردن و کاندیده دەرچووەکان و گەورەترین کوتلە، دەبێت دادگا پەسەندی بکات، ناکۆکییە سیاسییەکان هەر دەبێت دادگا بە شیکردنەوەی یاسایی یەکلایی بکاتەوە گۆڕەپانی سیاسی عێراق شێواوە. پێویستە لە هەموو ڕووداوەکان، دەسەڵاتی دادوەری هاوشانی دەسەڵاتی یاسادانان و دەسەڵاتی جێبەجێکردن بوەستێت، تاکوو تەفسیری دەقە یاساییەکان و دەستوورییان بۆ بکات.
بەهۆی چەند سکاڵایەک لە سەر ڕێککەوتنی دەروازی ئاوی خور عەبدوڵڵا، سەرۆکی دادگای فیدراڵی بە نووسراوی فەرمی داوای لە سەرۆکی پەرلەمان و سەرۆک کۆمار کرد، ئەو پرسە لە هاوپەیمانی ئیدارەی دەوڵەت یەکلا بکەنەوە، ئەمەش توڕەیی ئەندامانی دادگای فیدراڵی لێکەوتەوە و بە دەستێوردانی سیاسیی بۆ کاروباری یاسایی دەزانن و بەو هۆیەوە شەش ئەندامی سەرەکی و سێ ئەندامی یەدەگ دەستلەکارکێشانەوەیان پێشکەش کردوووە.