كینان یەلدیز ئەستێرەی مۆندیالی یانەکان

کینان یەلدیز هێرشبەری هەڵبژاردەی تورکیا و یانەی یوڤێنتوسی ئیتاڵیا، لەگەڵ یانەکەی لە دوو یاری سەرەتای مۆندیالی یانەکان توانیویەتی ئاستێکی باش پێشکەش بکات، ئەو یاریزانە لەو دوو یارییە سێ گۆڵی تۆمار کردووە و سەرکەوتنی یانەکەشی بۆ قۆناغی 16 مسۆگەر کردووە.
کینان پێگەیشتووی ئەکادیمیای یانەی یوڤێنتوسە، ئەو یاریزانە لە ساڵی 2023 دوای پێشکەش کردنی ئاستێکی نایاب، لە تیپی خوار 19 ساڵانی بیانکۆنێری سەرخرایە تیپی دووەمی یانەکە، هەر ئەو کاتە بەرپرسانی یانەکە هیوایەکی زۆریان بەو یاریزانە هەبوو، بۆیە گرنگیەکی زۆری پێدەدرا و زۆر یانەش هەوڵی گواستنەوەیان دەدا، بەڵام بەرپرسانی بیانکۆنێری هەرگیز ئامادەنەبوون دەستبەرداری بن.
یاریزاناکەی هەڵبژاردەی تورکیا دوای ئەنجامدانی 15 یاری لەگەل تیپی دووەمی یانەی یوڤێنتوس، هەر لەو ساڵە واتە ساڵی 2023 بۆ تیپی یەکەمی یانەکە بانگهێشتکرا، ئەو یاریزانە لاوە بەهۆی ئاستە بەرزەکەی بووە جێگەی سەرنجی هاندەرانی یانەکە و لە یەکەم وەرزی بەشداری 32 یاریکرد و توانی 4 گۆڵ و 1 ئاسیست بۆ یانەکەی تۆمار بکات.
یەلدیز بەردەوام بوو لەسەر ئاستە بەرزەکەی و لە مۆندیالی یانەکان کە لە ئەمریکا بەڕێوەدەچێت، بووەتە ئەستێرەی یەکەمی یانەکەی و لە دوو یاری قۆناغی کۆمەڵەکانی پاڵەوانێتیەکە، توانیویەتی 3 گۆڵ تۆمار بکات و گۆڵکاری پاڵەوانێتیەکەشە، هەربۆیە هاندەرانی بیانکۆنێری بە ئالێساندرۆ دێلپیەرۆی نوێ ناوی دەبەن.