ئەردۆغان و ترەمپ گفتوگۆ لەسەر دۆخی ناوچەکە دەکەن

 ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆکی تورکیا پێشوازی لە ئاگربەستی نێوان ئێران و ئیسرائیل کرد و داوای گفتوگۆی لە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا کرد، بۆ کۆتایی هێنان بە جەنگی نێوان ڕووسیا و ئۆکرانیا.

نووسینگەی ئەردۆغان لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند "سەرۆک کۆماری تورکیا، خۆشحاڵی خۆی بەرامبەر بە ئاگربەستی نێوان ئیسرائیل و ئێران بەهەوڵی ترەمپ دەربڕی، هیوای خواست ئاگربەستەکە هەمیشەیی بێت."

ئەردۆغان جەختی لەسەر پێویستی هاوکاریی نێوان ئەنقەرە و واشنتن بۆ کۆتایی هێنان بە شەڕی غەززە و ململانێی نێوان ڕووسیا و ئۆکرانیا کردەوە. 

نووسینگەی سەرۆک کۆماری تورکیا ڕایگەیاندووە، ئەردۆغان جەختی کردووەتەوە بەمنزیکانە گفتوگۆ بکەن بۆ کۆتاییهێنان بە کارەساتی مرۆیی لە غەززە  و گەیشتن بە چارەسەرێکی ئاشتیانە بۆ جەنگی ڕووسیا و ئۆکرانیا".

 ئەردۆغان داوای  لە ئەمەریکا کردووە لە ڕووی سەربازیی و پیشەسازییەوە هاوکاریی تورکیا بکات، پێیوایە دەبێتە هۆی پەرەپێدانی ئاڵوگۆڕی بازرگانی نێوان هەردوو وڵات. نووسینگەکە ڕاشیگەیاند "فراوانکردنی هاوکارییەکان لە پیشەسازی بەرگریدا ئاسانکاری دەکات بۆ گەیشتن بە ئامانجی 100 ملیار دۆلاری لە بازرگانی نێوان هەردوو وڵاتدا".

بەرەبەیانی سێشەممە، ترەمپ ڕایگەیاند، ئێران و ئیسرائیل لەسەر ئاگربەست ڕێککەوتوون و کۆتایی بە جەنگ 12 ڕۆژەی نێوان هەردوو وڵات هێنا.

ئەم ئاگربەستە دوای ئەوە هات ئەمەریکا ڕۆژی یەکشەممە، 22ـی حوزەیرانی 2025، بەشداری ئۆپەراسیۆنی دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێرانی کرد، بەدوو ڕۆژ دواتر ئێران وەکو وەڵامدانەوەیەک، بنکەی سەربازیی ئەمەریکای لە قەتەری مووشەکباران کرد.

 
 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment