یاریزانانی ئاوکلاند سیتی لە کرێی ئەم مانگە رزگاریان دەبێت

یانەی ئاوکلاند سیتی نیوزلەندا یەکێکە لە یانە مێژووییەکانی مۆندیالی یانەکان، ئەو یانەیە بەهۆی بەهێزی پێگەکەی لە کیشوەری نیوزلەندا، زۆرترین بەشداری لە پاڵەوانێتیەکە هەیە کە 11 بەشداری کردنە، بەڵام هیچ کاتێک ئەنجامی دڵخوازی هاندەرەکانیان نەبووە.
بەم دواییە جێرارد گاریگا یاریزانی ئیسپانی یانەکە، لە دیمانەیەکدا لەگەڵ رۆژنامەی ئاسی ئیسپانی ئاشکرای کرد، زۆربەی هەرە زۆری یاریزانەکانی ئەو یانەیە، پیشەی دووەمیان هەیە و کرێچین، بەڵام بەهۆی بەشداری کردنیان لە مۆندیالی یانەکان، تووشی کێشە بوون لەگەڵ خاوەن کارەکانیان و بەشێکیشیان مۆڵەتی بێ مووچەیان وەرگرتووە و بەشێکیشیان هەر مۆڵەتیان پێنەدراوە و بە نەهاتوو '' غیاب '' هەژمار کراون.
ئەو یاریزانە پیشەگەرە ئیسپانیە لە بەشێکی قسەکانیدا ئاماژە بەوە دەکات، یاریزانەکان بەهۆی نەچوون بۆ سەر کارەکانیان تووشی کێشە دەبن، لەبەر ئەوەی مووچەیان پێنادرێت و لە کۆتایی ئەم مانگە ناتوانن کرێ مانگانەی خاوەن خانووەکانیان بدەن، بەڵام پێدەچێت بەهۆی یەکسانبونەکەی بەرامبەر بوکاجۆنیۆرز، دۆخی داراییان ببوژێتەوە بتوانن کرێ مانگانەکەیان بدەن.
لە مۆندیالی یانەکان بەرامبەر هەر بردنەوەیەک یانەکان بڕی 2 ملیۆن دۆلاریان پێدەدرێت، هەروەها بەرامبەر هەر یەکسانبوونێک 1 ملیۆن دۆلاریان پێدەدرێت، ئاوکلاند سیتی لە دوو یاری سەرەتا تووشی دۆڕانی قورس بوون، بەڵام لە کۆتا یاری یەکسانبوون و هەر ئەمەش وایکرد یاریزانانی یانەکە دڵخۆش بن بە وەرگرتنی خەڵاتی دارایی مۆندیالی یانەکان.
رۆژنامەی ئاسی ئیسپانی بڵاوکردووەتەوە بەهۆی ئەو یەکسابونە یانەی ئاوکلاند سیتی 1 ملیۆن دۆلار وەردەگرێت و چاوەڕێش دەکرێت، بەشی زۆری ئەو خەڵاتە داراییە پێشکەش بەو یاریزانانە بکرێت کە کرێچین و پێشەی دووەمیان هەیە.