ئێران وەڵامی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم دەداتەوە

وەزیری دەرەوەی ئێران، لە وەڵامی بەرێوەبەری گشتیی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم ڕایگەیاند: لەبارەی بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران ڕۆڵێکت گێرا جێگەی نیگەرانی بوو، هەر بۆیەش پەرلەمانی وڵاتەکەمان پرۆژە یاسای هەڵپەساردنی هاوکارییەکانی ئاژانسەکەی پەسەند کرد.
هەینی 27ـی حوزەیرانی 2025، عەباس عراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران، لە هەژماری خۆی لە پلاتفۆڕمی ئێکس، لە میانی پۆستێکدا وەڵامی لێدوانی ئەم دواییەی ڕافایل گرۆسی، بەڕێوەبەری گشتیی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی دایەوە.
وەزیری دەرەوەی ئێران، ڕایگەیاند: پەرلەمانی ئێران دەنگی دا بە ڕاگرتنی هاوکاری لەگەڵ ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم، تا ئەوکاتەی سەلامەتی و ئاسایشی چالاکییە ئەتۆمییەکانی ئێران زامن دەکرێت.
ئاماژەی بەوە دا، ئەم بڕیارەی پەرلەمان دەرئەنجامی ڕاستەوخۆی ئەم ڕۆڵە نیگەرانکەرەی گرۆسی بووە، لە پەردەپۆشکردنی ئەو ڕاستییەی کە ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم، کە لە ڕابردوو بە فەرمی ڕایگەیاندبوو، سەرجەم دۆکۆمێنتەکانی پێشووی پەیوەست بە پرۆگرامی ئەتۆمیی ئێرانی داخستبوو.
عراقچی، گوتی: گرۆسی لە ڕێگەی ئەم کارەی کە کردی ڕاستەوخۆ ڕێگەی خۆش کرد بۆ بڕیارنامەیەکی پاڵنەری سیاسی دژ بە ئێران لە دەستەی بەڕێوەبەرانی ئاژانسیی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم، بۆ ئاسانکاری بۆ هێرشە نایاساییەکانی ئیسرائیل و ئەمەریکا بۆ سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران.
جەختی لەوەش کردەوە، ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم و بەڕێوەبەری گشتییەکەی، بەرپرسیارێتی تەواویی ئەم دۆخە قێزەونە لە ئەستۆ دەگرن.
وەزیری دەرەوەی ئێران، باسی لەوەش کردووە، پێداگری گرۆسی لەسەر پشکنینی شوێنە بۆردومانکراوەکان بە بیانووی چاودێریکردنی پارێزبەندییەکان، بێ مانایە و تەنانەت ڕەنگە مەبەستێکی خراپیشی هەبێت لەو کارە.
عراقچی، لە کۆتایی قسەکانیدا ئاماژەی بەوە کردووە، ئێران مافی خۆیەتی بۆ بەرگریکردن لە بەرژەوەندییەکانی گەلەکەی و سەروەری خۆی، هەر هەنگاوێک پێویست بێت بیگرێتەبەر.
پێنجشەممە 26ـی حوزەیرانی 2025، ئەنجوومەنی هەمواکردنەوەی دەستووری ئێران، ڕایگەیاند: ڕەزامەندییمان لەسەر پلانی حکوومەت داوە بۆ هەڵپەساردنی هاوکاریکردنی ئاژانسی وزەی ئەتۆم.
چوارشەممە 25ـی حوزەیرانی 2025، میدیاکان بڵاویان کردەوە، پەرلەمانی ئێران پرۆژە یاسای هەڵپەساردنی هاوکارییەکانی بۆ ئاژانسی نێودەڵەتیی وزەی ئەتۆم پەسەند کرد.