هۆشیار زێباری: پێویستە جارێکی دیکە دادگای فیدراڵی پێک بهێنرێتەوە

ئەندامێكی دەستەی کارگێڕی مەکتەبی سیاسیی پارتی ئاماژه بهوه دهكات، دادپەروەریی بنچینەی حوکمڕانییە. دەشڵێت: پێویستە هەمووان داوای ئەوە بکەن جارێکەی دیکە دادگای فیدراڵی پێک بهێنرێتەوە
یەکشەممە 29ـی حوزەیرانی 2025، هۆشیار زێباری، ئەندامی دەستەی کارگێڕی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان، لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس نوسیوویەتی: ئێستا کاتی ئەوەیە هەمووان داوای ئەوە بکەن کە جارێکی دیکە دادگای فیدراڵی، دوور لە بە سیاسیکردن پێک بهێنرێتەوە لەسەر بنەمای ماددەی 92/ دووەم/ـی دەستووری عێراق.
ئەو ئەندامەی دەستەی کارگێڕی مەکتەبی سیاسیی پارتی ئاماژەی بەوە کرد، دادپەروەریی بنچینەی حوکمڕانییە، بۆیە پێویستە بە مەبەستی بەدیهێنانی سەقامگیری سیاسی، یەکگرتوویی عێراق، دەستبەرکردنی سەربەخۆیی بۆ وڵاتی عێراقی فیدراڵ، دادگاکە دووبارە پێک بهێنرێتەوە.
ئەمەش لە کاتێکدایە، ڕۆژی پێنجشەممە، 19ـی حوزەیرانی 2025، لە بەغدا "شەش ئەندامی سەرەکی و سێ ئەندامی یەدەگی دادگای فیدراڵی عێراق، دەستیان لە کار کێشایەوە، لە کاتێکدا بڕیار بوو دادگاکە، دەربارەی کێشەی مووچە و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان کۆ ببێتەوە و بڕیارێکی وەلائی دەربکات."