چین هەندێک ڕۆبۆتی دروست کردووە یاریی 'تۆپی پێ' دەکەن

چین لە نوێترین داهێناندا، هەندێک ڕۆبۆتی دروست کردووە، لە توانایاندایە یاریی تۆپی پێ بکەن. دوو لە ڕۆبۆتەکانیش بە ناوی کریستیانۆ ڕۆناڵدۆ و لیۆنێل مێسییەوە کراون.

کۆمپانیای "بووستەر ڕۆبۆتیک"ـی چینی بە هاوکاریی چەند زانکۆیەکی وڵاتەکە، ژمارەیەک ڕۆبۆتی دروست کردووە و دوو تیمی تۆپی پێی لێ پێک هێناون. ئەم ڕۆبۆتانە مرۆڤدۆستن و ئامانج لە دروستکردنیان ئەوەیە، لە داهاتوودا مرۆڤ و ڕۆبۆت پێکەوە بەبێ کێشە یاری تۆپی پێ بکەن.

ڕاستە، کریستیانۆ رۆناڵدۆ و لیۆنێل مێسی بە ڕەچەڵەک چینی نین، بەڵام کۆمپانیاکە لە ڕێگەی زیرەکیی دەستکردەوە، ڕۆبۆ-رۆناڵدۆ و مێکا-مێسی دروست کردووە، بەڵام هێندەی مێسیی ئەرجەنتینی و ڕۆناڵدۆی پۆرتوگالی، بەهێز و خێرا نین.

شێنگ هاو، دامەزرێنەر و بەڕێوەبەری کۆمپانیای بووستەر ڕۆبۆتیک، ڕایگەیاند "لە داهاتوودا، لەوانەیە یاری تۆپی پێ لەنێوان ڕۆبۆت و مرۆڤ ڕێک بخەین. ئەمەش مانای ئەوەیە، ئێمە دڵنیایی دەدەین لەوەی ڕۆبۆتەکان بە تەواوی سەلامەتن و نابنە مەترسی بۆ سەر مرۆڤ. بۆ نموونە، مرۆڤ و ڕۆبۆت دەتوانن پێکەوە یاری بکەن، بەڵام لەو یارییەدا بردنەوە گرنگ نییە، بەڵکو بەرگریی و هێرشبردن و مامەڵەکردنی نێوانیان گرنگە. ئەمەش متمانەی بینەران زیاتر دەکات و تێ دەگەن لەوەی ڕۆبۆتەکان سەلامەتن."

 

یەکێک لەو رۆبۆتانەی دروست کراوە لە نێو خەڵکدا (وێنە: AP)

 

ڕۆبۆتەکان ئامێری هەستەوەریان لێ بەستراوە، بە ئاسانی دەتوانن تۆپەکە بناسنەوە و لەناو یاریگا یاری بکەن. لەکاتێکیش ماندوو دەبن یان توشی پێکان دەبن، لە یاریگا دوور دەخرێنەوە. هاندەرێکی زۆریش لەناو یاریگا ئامادەن و رۆبۆتەکان هان دەدەن.

شێن، دانیشتووی پەکینە و دەڵێت: ئێمە لە کۆمەڵگەیەکدا دەژین، بە زیرەکیی دەستکرد بەڕێوە دەچێت. زانست و داهێنانی وڵاتەکەمان بە خێرایی پێش دەکەوێت. ئامانجی هاتنم بۆ ئێرە ئەوەیە، کچەکەم ئەو رۆبۆتانە ببینێت، کە لەلایەن خوێندکارە زیرەکەکانی وڵاتەکەمان پەرەیان پێ دراوە."

لە ڕووی تەکنەلۆژیا و زیرەکیی دەستکردەوە، چین یەکێکە لە وڵاتە پێشەنگەکانی جیهان. لەلای بەشێکی کۆمەڵگەکان تێڕوانین و بیرکردنەوەیەک هەیە، کە ڕۆبۆت و زیرەکیی دەستکرد، دۆستی مرۆڤ نین و دەکرێت زیان بە مرۆڤایەتی بگەیێنن، بەڵام چین لەم داهێنانە، دەیەوێت نیشانی تەواوی جیهان بدات، ڕۆبۆت مرۆڤدۆستە و دەکرێت پێکەوە بە دوو تیمی جیاوازیش یاری تۆپی پێ بکەن.

 
 
 
 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment