سلێمانی.. بەهۆی خۆڵبارینەوە 15 کەس سەردانی نەخۆشخانەیان کردووە

بەڕێوەبەرایەتی گشتیی تەندروستی سلێمانی ڕایگەیاند، بەهۆی کاریگەریی خۆڵبارینەوە 15 هاووڵاتی سەردانی نەخۆشخانەکانیان کردووە.
سێشەممە، 1ـی تەممووزی 2025، بەڕێوەبەرایەتی گشتیی تەندروستی سلێمانی ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە تێیدا هاتووە. لە ئێوارەی دوێنێ دووشەممەوە تاوەکوو کاتژمێر 12:00ـی نیوەڕۆی ئەمڕۆ سێشەممە، لەشاری سلێمانی بەهۆی کاریگەری شەپۆلی خۆڵبارینەوە 15 هاووڵاتی سەردانی نەخۆشخانەکانیان کردوە.
ئاماژە بەوەش دراوە، دوای وەرگرتنی چارەسەر و ئەنجامدانی ڕێکارە تەندروستییەکان، سەرجەم ئەو هاووڵاتییانە باری تەندروستیان جێگربووە و گەڕاونەتەوە ماڵەوە.
بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کەشناسیی و بوومەلەرزەزانیی هەرێمی کوردستان پێشبینییەکانی کەشوهەوای بڵاوکردبوویەوە کە خۆڵبارین لە ناوچەکانی هەرێمی کوردستان دەبێت، ئاماژەی بەوەش دابوو، ئەمڕۆ سێشەممە، 1-7-2025، لە زۆربەی ناوچەکان خۆڵبارین دەبێت، پاشان بۆ کاتەکانی نیوەڕۆ کاریگەریی خۆڵبارینەکە لاواز دەبێت.