ئیخڵاس دلێمی: حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕژدە لە چارەکردنی کێشەکان

جێگری سەرۆکی لێژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق، دووپاتی کردەوە، دوای ڕێککەوتنی نێوان هەولێر و بەغدا، چاوەڕوان دەکرێت مووچە مانگەکانی پێنج و شەشی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان ڕەوانە بکرێت.
سێشەممە 1ـی تەموزی 2025، ئیخڵاس دلێمی، جێگری سەرۆکی لێژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق، لە میانەی بەشداریی لە گەشتێکی هەواڵەکانی کوردستان24ـدا گوتی: لێکتێگەیشتنەکانی نێوان شاندی حکوومەتەکانی هەرێمی کوردستان و عێراق گەیشتوونەتە دوایین هەنگاوەکان.
جێگری سەرۆکی لێژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق، ڕایگەیاند: هیچ کێشەیەکی تەکنیکی بۆ هەناردەکردنەوەی نەوتی کوردستان نییە، تەنیا ماوە لە چەند ڕۆژی داهاتوودا ڕێكکەوتنی کۆتایی لەسەر بکرێت و بڕیار لەسەر هەناردەکردنەوەی نەوت بدرێت.
لەبارەی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان، ئیخڵاس دلێمی، ئاماژەی بەوە دا، حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕژدە لە چارەکردنی کێشەی مووچە. جەختی لەوە کردەوە، دوای ڕێککەوتن چاوەڕوان دەکرێت مووچەی مانگەکانی پێنج و شەش ڕەوانە بکرێت.
باسی لەوەش کرد، سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی بە وردی چاودێری گفتوگۆکانی نێوان هەولێر و بەغدا دەکات و، هەمیشە لەسەر هێڵە لەگەڵ سەرۆک وەزیرانی عێراق بۆ چارەکردنی کێشەکان.