سەرۆک کۆماری عێراق: بۆ چارەکردنی کێشەکانی هەولێر و بەغدا دەبێت یاسای نەوت و غاز دەربکرێت

سەرۆک کۆماری عێراق ڕایگەیاند، ڕۆژانە پەیوەندی لە نێوان حکوومەتەکانی هەرێم و بەغدا بۆ چارەکردنی کێشە هەڵپەسێردراوەکان هەیە و بەردەوامە.
کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا
چوارشەممە، 2ـی تەممووزی 2025، د. لەتیف جەمال ڕەشید، سەرۆک کۆماری عێراق لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ڕۆژنامەی مۆندۆی ئیسپانی گوتی: سەبارەت بە ناکۆکی و کێشە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان هەولێر و بەغدا، ڕۆژانە پەیوەندی لە نێوان حکوومەتی فیدراڵ و حکوومەتی هەرێمی کوردستان هەیە بۆ تاوتوێکردنی کێشە هەڵپەسێردراوەکان.
سەرۆک کۆماری عێراق گوتیشی: بۆ چارەکردنی ئەو کێشانە دەبێت یاسای نەوت و غاز دەربکرێت.
پیشێلکردنی ئاسمانی عێراق
لەتیف ڕەشید، دەڵێت: عێراق هەر جۆرە پێشێلکارییەکی ئاسمانی وڵاتەکەی لە شەڕی 12 ڕۆژەی نێوان ئیسرائیل و ئێران ڕەتدەکاتەوە، ئاماژەی بەوەدا، دەبوو هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش بە سەرۆکایەتی ئەمەریکا لەو ماوەیەدا ئاسمانی عێراق بپارێزێت.
جەختیشی کردەوە "ئێمە ئیدانەی پێشێلکردنی ئاسمانی عێراق لەکاتی شەيی نێوان هەردوولا دەکەین"، "ئێمە داوای کڕینی سیستەمی بەرگریی بۆ پاراستنی ئاسمانی خۆمان دەکەین." دەشڵێت "دەبوو هێزەکانی هاوپەیمانان پارێزگارییان لە ئاسمانی عێراق بکردایە."
کشانەوەی هێزەکانی هاوپەیمانان لە عێراق
سەرۆک کۆماری عێراق لە درێژەی چاوپێکەوتنەکەیدا گوتی: بوونی هێزەکانی هاوپەیمانان لەسەر بنەمای ڕێککەوتنەکانی نێوان واشنتن و حکوومەتی عێراقە، هەروەها چارەنووسی بەردەوام بوونیان یان ڕۆیشتنیان، پەیوەستە بە دانوستانەکانی نێوان حکوومەت و ئەمەریکا.
داعش
لەتیف ڕەشید هۆشداریی دا لە مەترسی گرووپە چەکدارەکان و ڕایگەیاند، داعش لە هەموو شوێنێک مەترسی دروست دەکات نەک تەنیا لە عێراق، بەڵام ئەوە ئەو مەترسییە نییە کە لە ڕابردوودا ڕووبەڕووی بووینەوە، چونکە شکستیان هێناوە، ئەو تاوانانەی کە بە تایبەتی دژی ئێزدییەکان ئەنجامیاندا، لەبیرمان ناچێتەوە.
دەبێت چەک لەدەستی دەوڵەت بێت
سەبارەت بەچەک هەڵگرتن گوتی: سیاسەتی حکوومەت ئاشکرایە، دەبێت چەک لە رێگەی هێزە ئەمنییە فەرمییەکانەوە لە دەستی دەوڵەت دابێت.
هەڵبژاردنی داهاتوو
دەربارەی هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی عێراق لەتیف ڕەشید ڕوونی کردەوە، داوا لە هەموو هێزە سیاسییەکان دەکەم بەشداری هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق بکەن، بەتایبەتی ئەو هێزانەی بایکۆتیان کردووە، جەختیشی کردەوە، پێویستە پێکەوە کاربکەین بۆ چارەکردنی کێشەکان و بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی و پرسەکانی دیکە، بەڵام بایکۆتیش دیاردەیەکی سروشتیە و لە هەموو وڵاتاندا ڕوودەدات.