فەرەنسا لە چارەنووسی دوو هاوڵاتییە دەستگیرکراوەکەی نیگەرانە

پێنجشەممە، 3ـی تەممووز 2025، ئاژانسی هەواڵی میهر ڕایگەیاند، وەزارەتی دەرەوەی فەرەنسا لە دەستگیرکرانی دوو هاووڵاتی فەرەنسی لە لایەن ئێرانەوە، بە تۆمەتی سیخوڕیی بۆ ئیسرائیل، نیگەرانە.

دەسەڵاتی دادوەریی کۆماری ئیسلامیی ئێران، سێ ساڵ لەمەوبەر، دوو هاووڵاتی فەرەنسی بە ناوەکانی سیسیل گوهلەر و ژاک پاریس، بە تۆمەتی سیخوڕیی بۆ دەوڵەتێکی بیانی و هەوڵدان بۆ ئاژاوەگێڕی لە ناوخۆی ئێران، دەستگیر کرد. وەزارەتی دەرەوەی فەرەنسا نیگەرانیی خۆی لەوە دەربڕیوە کە لەوانەیە، دەرکەوتنی ژمارەیەکی زۆر سیخوڕی مۆساد لە ئێران لە کاتی جەنگی 12 ڕۆژەی نێوان ئیسرائیل و ئێران، ببێتە هۆی ئەوەی مەترسیی لەسەر ژیانی ئەو دوو هاووڵاتییە فەرەنسییە دروست ببێت، چونکە لە ئێران، سزای سیخوڕیی بۆ ئیسرائیل، لەسێدارەدانە.

مانگی ئازاری ڕابردوو، فەرەنسا هاووڵاتییەکی ئێرانی بە ناوی مەهدییە ئەسفەندیاری، دەستگیر کرد. گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی کۆماری ئیسلامیی ئێران، ئیسماعیل بەقایی، لە کاردانەوەیەکدا بەرانبەر بە دەستگیرکرانی ئەو هاووڵاتییە ئێرانییە، بە ئاژانسی 'میهر'ی ڕاگەیاند "فەرەنسا، ئەو هاووڵاتییە ئیرانییەی بە تۆمەتی ناڕەزاییدەربڕین بەرانبەر کوشتاری فەلەستینییەکان لەلایەن ئیسرائیلەوە دەستگیر کردووە، ئەمەش پێچەوانەی بنەماکانی ئازادیی ڕادەربڕینە."

 
Fly Erbil Advertisment