زۆرینه‌ی خێزانه‌كانی زیقار له‌ژێر هێڵی هه‌ژاریدان
ئه‌گه‌رچی عێراق به سامانی نه‌وت و كشتوكاڵی ناوبانگی ده‌ركردووه، به‌ڵام تادێت ڕێژه‌ی خێزانه‌كانی ژێر هێڵی هه‌ژاری له زیقار بەرزدەبێتەوە، ئوم عه‌لی دانیشتوویهكی ئه‌و پارێزگایه و نموونه‌یه‌كی ئه‌و خێزانانه‌یه، كه بۆ به‌خێوكردنی منداڵەكانی، كاری دروستكردنی سەبەتە و حه‌سیر ده‌كات.
وێڕای ده‌وڵه‌مه‌ندی عێراق به سامانی نه‌وتی و كشتوكاڵی، به‌ڵام زۆربه‌ی خێزانه‌كانی زیقار له‌ژێر هێڵی هه‌ژاریدان، له‌وانه‌ش ئوم عه‌لی، كه بۆ ته‌واوكردنی خوێندنی منداڵەكانی و به‌خێوكردنیان كاری دروستكردنی سەبەتە و حه‌سیر له پارێزگاكە ده‌كات، كه به‌نه‌وت ده‌وڵه‌مه‌نده و له ده‌رفه‌تی كاریش هه‌ژاره.
ئوم عه‌لی، پیشه‌وه‌ری كاری ده‌ستی بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، ئه‌مه ژیانی ئێمه‌یه، هیچ شتێكم نییه و سێ كچیشم هه‌یه، ده‌یانه‌وێت جلوبه‌رگ و شتی دیكه بكڕن و دوانیان له كۆلێژن، هه‌ردووكیان مانگانه 150 هه‌زاریان پێویسته، هیچم نییه و ده‌بێت بۆیان قه‌رز بكه‌م، دواتر سه‌لكی خورما كۆده‌كه‌مه‌وه و ده‌یانكه‌م به حه‌سیر و سه‌به‌ته و ده‌یانفرۆشم، بۆ ئه‌وه‌ی قه‌رزه‌كه‌م بده‌مه‌وه.
به‌گوته‌ی پسپۆڕانی زیقار، ده‌سه‌ڵاتداران لهچارهكردنی كێشه كه‌ڵه‌كه‌بووه‌كانی ئه‌و شاره بێتوانایه و پارێزگاكه كه‌وتووه‌ته ژێر توندترین داته‌پینی خزمه‌تگوزاریی سه‌ره‌تایی و ته‌ندروستی، هۆشداریش له به‌رزتربوونه‌وه‌ی رێژه‌ی هه‌ژاری بۆ ئاستی پێشبینینهكراو ده‌ده‌ن، له‌كاتێكدا خراپی پلانی ئابووری و گه‌نده‌ڵی دارایی‌ش، دامه‌زراوه‌كانی ده‌وڵه‌تی له‌و پارێزگایه ئیفلیج كردووه.
د. عه‌لی ئه‌لشامی- پسپۆڕی بواری دارایی گوتی: دوای 2003 هه‌موو حكوومه‌ته‌كانی عێراق خه‌رجییان له ده‌ره‌وه‌ی بودجه‌دا هه‌بووه، هۆكاره‌كانیش جۆراوجۆرن، هه‌یانه بۆ دۆخه لهناكاوهكان و خۆپیشاندان و فشاری گه‌ل بۆ سه‌ر حكوومه‌ت ده‌گه‌ڕێته‌وه، هه‌ندێكی دیكه‌ش به‌هۆی و ده‌رهێنانی سامانێكی گه‌وره‌یه له وه‌زاره‌تی دارایی و به‌ستنی لووتكه و كۆنگره‌كان و هۆكارگه‌لێكی دیكه‌وه‌یه، كه وا ده‌كه‌ن، حكوومه‌ت له ده‌ره‌وه‌ی بودجه خه‌رج بكات، هه‌موو ئه‌مانه كاریگه‌رییان له‌سه‌ر روودانی كورتهێنانی گه‌وره له دابینكردنی نه‌فه‌قاتی گشتیی وه‌ك مووچه و بابه‌ته‌كانی دیكه هه‌یه.
ئابووری عێراق رووبه‌ڕووی ئاڵنگاری گه‌وره بووه‌ته‌وه، دیارترینیان قه‌باره‌ی قه‌رزه گشتییه‌كانه، ڕاپۆرته‌كانیش ئاماژه به به‌هه‌ده‌ردانی به‌شێكی زۆری سامانی وڵات بۆ چالاكی حزبی ده‌كه‌ن، به‌تایبه‌ت له‌گه‌ڵ نزیكبوونه‌وه‌ی هه‌ڵبژاردنه‌كان، ئه‌مه‌ش بارگرانییه‌كی زیاتری بۆ كه‌رتی ئابووری درووست كردووه.