ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان: مانگی ڕابردوو 450 هەزار ئەفغان لە ئێران دەرکراون

ڕێکخراوی کۆچ و کۆچبەرانی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان، ئەمڕۆ دووشەممە، 7ـی تەممووزی 2025، ڕایگەیاندووە لە سەرەتای مانگی حوزەیرانەوە نزیکەی 450 هەزار ئەفغان لە ئێران، دەرکراون.
گوتەبێژی ڕێکخراوی کۆچ و کۆچبەران، بە ئاژانسی هەواڵی فەرەنسای گوتووە: ناردنەوەی ئەم ئەفغانانە، پاش ئەوە دێت کە حکوومەتی ئێران، سەرەتای مانگی ئاداری ئەمساڵ، بڕیاری دا هەموو ئەو ئەفغانە بێمۆڵەتانەی لە ئیران دەژین، بنێرێتەوە وڵاتی خۆیان.
گوتەبێژی ڕێکخراوەکە، لە درێژەی قسەکانیدا گوتوویەتی: لە سەرەتای ئەم ساڵەوە، ژمارەی ئەو ئەفغانانەی لە ئێران دەرکراون، گەیشتووەتە زیاتر لە 906 هەزار کەس.
بە گوێرەی قسەکانی گوتەبێژی ڕێکخراوی کۆچ و کۆچبەران، کاربەدەستانی ئیران، بە شێوەیەکی نەگونجاو هەڵسوکەوت لەگەڵ ئەفغانەکاندا دەکەن؛ ئەوان کە لە ژێر فشار و ناچارکردنیان لەوەی بە پەلە ئێران بەجێ بهێڵن، دووچاری کێشەی دارایی بوونەتەوە و تەنانەت باس لەوەش دەکرێت، کە مۆڵەتی وەرگرتنەوەی پارەکانیشیان نەدراوە.
زۆرێک لە ئەفغانەکان، کە ساڵانێکە لە ئێران دەژین، ئێستا دەبێ بگەڕێنەوە ئەفغانستانی ژێر دەسەڵاتی تاڵیبان، بێگومان ڕووبەڕووی گەلێ کێشە و گرفت دەبنەوە؛ لە لایەکەوە گرفتی دارایی و بێکاری، لە لایەکی دیکەوە ئیدی کچەکانیان ناتوانن بخوێنن، چونکە لە ژێر سایەی حکوومەتی تاڵیباندا، کچان بۆیان نییە بخوێنن.
ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان هۆشداری لەوە دەدات، کە ناردنەوەی بە زۆریی ئەفغانەکان دەبێتە هۆی بڵاوبوونەوەی بێکاری و هەژاری و ناسەقامگیریی لە ناوچەکەدا.
ڕێکخراوەکە، هەروا نیگەرانیی خۆی لەوە دەربڕی کە ناردنەوەی بە زۆری ژنە ئەفغانەکان دەبێتە هۆی ئەوەی لە مافە سەرەتاییەکانیان بێبەری بن.
تاجەددین ئەیوالی، نوێنەری سندووقی منداڵانی سەر بە (یونیسیف) ڕایگەیاند "لە سەدا 25 ی ئەو ئەفغانانەی دەرکراون، منداڵن و ناچارن بە پێ و بەبێ هیچ هاوکارییەکی دارایی لە سنوور بپەڕنەوە و بگەڕێنەوە ئەفغانستان. لە کاتێکدا زۆرینەی ئەفغانەکان بە دەست و گیرفانی بەتاڵ و بەبێ هیچ گرەنتییەک بۆ بەردەوامیی ژیانیان، دەگەڕێنرێنەوە وڵاتەکەیان."
بزووتنەوەی تاڵیبان، کە لە ساڵی 2021 وە دەسەڵاتی ئەفغانستانیان گرتووەتەوە دەست، نەیتوانیوە کێشە سەرەکییەکانی وڵاتەکە، وەک ئابووری و ئەمنی و پەروەردە چارە بکات.