هەینی پرۆسەی چەکدانانی پەکەکە بەڕێوەدەچێت

ڕۆژنامەی حوڕییەتی نزیک لە دەسەڵاتی تورکیا بڵاوی کردووەتەوە، بەر لە بەڕێوەچوونی ڕێورەسمی چەکدانانی ژمارەیەک لە چەکدارانی پەکەکە، بڕیارە عەبدوڵڵا ئۆجەلان بانگەوازێک بڵاو بکاتەوە و پێشبینی دەکرێت پەیامەکەی ڤیدیۆیی بێت.
ڕۆژنامەکە لە ژمارەی ئەمڕۆ دووشەممە، 7ـی تەمووزی 2025، بڵاوی کردووەتەوە، بڕیارە پێنجشەممە 10ـی تەمووز، شاندێکی دەم پارتی بچێتە هەرێمی کوردستان و ئامادەی ڕێوڕەسمی چەکدانانی ژمارەیەک لە چەکدارانی پەکەکە بن.
ڕۆژنامەکە ئاشکرای کردووە، ڕێوڕەسمی چەکدانانەکە هەینی بە ئامادەبوونی میدیاکاران، نوێنەری پارتە سیاسییەکان، ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و چەند بەرپرسێکی باڵای پەکەکە، لەهەرێمی کوردستان بەڕێوە دەچێت.
ئاماژەی بەوەشکردووە، تورکیا میکانیزمێکی هاوبەشی لەگەڵ بەغدا و هەولێر ڕێکخستووە، بۆ ئەم مەبەستەش بڕیاروایە سبەی سێشەممە ئیبراهیم کاڵن، سەرۆکی دەزگای هەوڵگریی تورکیا بە سەردانێک بچێتە بەغدا و لەگەڵ بەرپرسانی پەیوەندیدار پرۆسەکە تاوتوێ بکات.
ڕۆژنامەکە باسی لەوەش کردووە، بەر لە بەڕێوەچوونی رێورەسمی چەک دانانەکە، عەبدوڵڵا ئۆجەلان بانگەوازەکەی بڵاو دەکاتەوە و ئەگەری هەیە پەیامەکەی ڤیدیۆیی بێت.
ئەمڕۆ دووشهممه، 7ـی تهممووزی 2025، شاندی دەم پارتی بۆ ئیمراڵی دوای کۆبوونەوەیان لەگەڵ ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و تێیدا هاتووە، شاندەکە بۆچوون و پێشنیازەکانی خۆی لەبارەی ئەو قۆناغە نوێیەی کە پرۆسەکە پێی گەیشتووە و هەنگاوەکانی داهاتووی کە چی بکرێت بۆ پرۆسەکە لەگەڵ سەرۆک کۆمار تاوتوێ کرد.
شاندی دەم پارتی بۆ ئیمراڵی ئاماژهی بهوهش كردووه، لە کۆبوونەوەکەدا جەخت کرایەوە کە ئیرادەی هاوبەش بۆ پێشخستنی پرۆسەکە بەردەوامی پێ بدرێت.