ترەمپ: هیوادارم ناچار نەبین دووبارە هێرشی بکەینەوە سەر ئێران

دووشەممە، 7ـی تەممووز، 2025، دۆناڵد ترەمپ، لە ئێوارەخوانێکدا لەگەڵ بنیامین ناتانیاهۆ، لە کۆشکی سپی، گوتی: بەرنامەمان بۆ خولێکی نوێی دانوستان لەگەڵ تاران, دارشتووە و هیوادارم ناچار نەکرێین دووبارە هێرش بکەینەوە سەر ئێران.
ئاژانسی هەواڵی ئاسۆشییەتد پرێس، ڕایگەیاند، دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمەریکا، لە ئێوارەخوانێکدا لەگەڵ بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، لە کۆشکی سپی، بە ڕۆژنامەنووسانی گوت: ئێرانییەکان دەیانەوێ گفتوگۆمان لەگەڵ بکەن، ئێمەش بەرنامەمان بۆ گفتوگۆ داڕشتووە، هێرشەکانی ئێمە بۆ سەر سێ دامەزراوەی ئەتۆمیی ئێران، زەبرێکی گەورەی لێیان داوە.
سەرۆکی ئەمەریکا، جارێکی تر جەختی لەوە کردەوە، هێرشی ئەمەریکا بۆ سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران، بووەتە هۆی وێرانکردنی تەواوەتی بەرنامەی ئەتۆمیی تاران. ترەمپ هەروا گوتی: ئێمە بە گەورەترین بۆمب لە مێژوودا ئەوانمان بۆمباران کرد و دەمانەوێ ئێران، لە چەکی ئەتۆمی داماڵین. هێرشەکەی ئێمە سەرەتای کۆتایی شەڕەکە بوو و بینیشمان چۆن خێرا کۆتایی بە شەڕەکە هات.
سەرۆکی ئەمەریکا، لە وەڵامی پرسیارێکدا چ شتێکی تر لەوانەیە ئەمەریکا ناچار بکات دووبارە هێرش بکاتەوە سەر ئێران، گوتی: هیوادارم ناچاری کارێکی لەو جۆرە نەبین. من تەنانەت ناشتوانم بیر لەوە بکەمەوە کە ناچاری ئەو کارە ببین. باوەڕیش ناکەم ئەوان بیانەوێت شتی وا ڕوو بدات. ئەوان دەیانەوێت گفتوگۆمان لەگەڵ بکەن و بگەینە ئەنجام.
ترەمپ، لە درێژەی قسەکانیدا گوتی: ئێرانی ئەمڕۆ، ئێرانی دوو هەفتە لەمەوبەر نییە. وەک دەزانن، ئێمە پێش ئەوەی هێرشیان بکەینە سەر، گوتم ئێمە دەمانەوێت لە ڕێگەی دانوستانەوە، بەرنامەی ئەتۆمیی ئێران بۆ هەمیشە ڕابگرین. ئێستا کە بەرنامەکەیان لەناوبراوە، ئەوان دەیانەوێت گفتوگۆمان لەگەڵ بکەن، خۆ ئەگەر بتوانین ڕێککەوتنێکی نووسراو مۆر بکەین، کارێکی باش دەبێت.
سەرۆکی ئەمەریکا، هەروا گوتی: وا دەزانم ئێرانییەکان ئێستا ڕێزێکی زۆریان بۆ ئێمە و هەروا ئیسرائیلییەکان هەیە. ئەوان دەیانەوێت گفتوگۆمان لەگەڵ بکەن و ئێمەش ئامادەین.
هەڵوەشاندنەوەی سزاکانی سەر ئێران
سەرۆکی ئەمەریکا، دەربارەی هەڵوەشاندنەوەی سزاکانی سەر ئێران، گوتی: لە ڕاستیدا زۆر حەز دەکەم ڕۆژێک بێت بتوانم سزاکانی سەر ئێران هەڵبوەشێنمەوە و هەلی ئەوەیان بۆ بڕەخسێنم وڵاتەکەیان ئاوەدان بکەنەوە. چونکە من دەمەوێت ئێران بە شێوەیەکی ئاشتییانە خۆی ئاوەدان بکاتەوە و چیتر گوێمان لە دروشمی بڕوخێت ئەمەریکا و بڕوخێت ئیسرائل، نەبێت.
ترەمپ، گوتی: پێشتر، ئێران زلهێزی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بوو، بەڵام ئێستا ئیتر ئەو توانایەی نەماوە. ئەوان خەڵکانێکی هۆشیار و باش و بەتوانایان هەیە. من زۆر برادەری ئێرانیم هەیە، بۆیە مایەی شەرمەزارییە کە ئێران لەم بارودۆخەی ئێستادا بمێنێتەوە.