سەرۆکی جەهەپە: پشتیوانی لە ڕێوڕەسمی چەک دانانی پەکەکە دەکەین

سەرۆکی پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە) دەڵێت: پێویستە کورد و تورک دەست لە نێو دەست بن و ئەم دەرفەتە بقۆزنەوە، بەهۆیەوە ئەگەری هەیە ببێتە ئەندامی یەکێتی ئەورووپا، ئەمەش بۆ ئایندەی هەمووان زۆر باش دەبێت.
ئۆزگور ئۆزەل، سەرۆکی پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە) لەبارەی پرۆسەی ئاشتی لەنوێترین لێدوانیدا ڕایگەیاند، دەرفەتێک دروستبووە کە بەسەر پرسێکی 100 ساڵە زاڵ دەبن و لە کێشەی تیرۆر لە تورکیا ڕزگارییان دەبێت.
دەشڵێت، پێویستە کورد و تورک دەست لە نێو دەست بن و ئەم دەرفەتە بقۆزنەوە، ئاماژەی بەوەش کرد، لە ئەگەری بەفیرۆچوونی ئەم دەرفەتە ئیتر جارێکی دیکە پرسێکی چارەسەری نایەتە ئاراوە، بەڵام ئەگەر ئەم دەرفەتە بقۆزنەوە، ئەگەری هەیە تورکیا بێتە نێو یەکێتی ئەورووپا و ئەمەش بۆ ئایندەی هەمووان زۆر باش دەبێت.
لەبارەی ڕێوڕەسمی چەک دانانی پەکەکە ئۆزەل گوتی: هیوایان دەخواست لیژنەیەکی پەرلەمانی ئامادەی ڕێوڕەسمەکە بێت، گوتیشی: دەم پارتی زۆربەی پارتەکانی داوەت کردووە بۆ ئەوەی ئامادەی ڕێوڕەسمەکە بن و داوکاریی بۆ جەهەپەش ناردووە، بەڵام بەئەگەرێکی زۆرەوە ناتوانن وەک جەهەپە بەشداری لە ڕێوڕەسمەکە بن.
ئۆزەل باسی لەوەش کرد، ئامادە نەبوونی نوێنەری جەهەپە لە ڕێوڕەسمەکە بەو مانایە نایەت کە پشتیوانی لە پرۆسەی چەک دانان ناکەن، بەپێچەوانە پشتیوانی و پێشوازی لە ڕێوڕەسمی چەک دانان دەکەن.
ئەنجامی کۆبوونەوەی شاندی ئیمراڵی و عەبدوڵڵا ئۆجەلان
ڕۆژی یەکشەممە، 6ـی تەمووزی 2025، شاندی ئیمراڵی ڕاگەیەنراوێکیان لەبارەی کۆبوونەوەیان لەگەڵ عەبدوڵڵا ئۆجەلان بڵاوکردەوە و لە سەرەتاوە ئاماژەیان بە دۆخی تەندروستی ئۆجەلان کرد و ڕایانگەیاند، تەندروستی زۆر باشە و دیدارەکەشیان لەگەڵ ئۆجەلان لە ئیمراڵی بەرهەمدار بووە.
دیدارەکە نزیکەی دوو کاتژمێر و نیوی خایاندووە و لەو کۆبوونەوەیەدا ئۆجەلان جەختی لەوە کردووەتەوە، کە پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا دەچێتە قۆناغێکی نوێ و بەرپرسیارێتییەکەش دەکەوێتە ئەستۆی هەموو لایەنەکان، بۆ ئەوەی پرۆسەکە بە تەواوی جێبەجێ بکرێت.
بە گوێرەی ڕاگەیەندراوەکە، عەبدوڵڵا ئۆجەلان دەربارەی گرنگی کۆبوونەوەی شاندی دەم پارتی و سەرۆک کۆماری تورکیا ئاماژەی بەوە داوە، کۆبوونەوەکە مێژوویی دەبێت و بە هەمانشێوە جەختی لەوە کردەوە، کە ئەو کۆمیسیۆنەی بڕیارە لە پەرلەمانی تورکیا دابمەزرێت، ڕۆڵێکی کاریگەریی لە ئاراستەی ئاشتی و چارەسەریدا دەگێڕێت.
هاوکات شاندی ئیمراڵی ئاماژەی بەوە کردووە، کە هیوا و متمانە و باوەڕی ئۆجەلان بە ڕۆڵی ئەم پرۆسەیە لە دیموکراسی کردنی تورکیا لە ڕادەبەدەر بەهێزە.
کۆبوونەوەی شاندی ئیمراڵی و ئەردۆغان
دووشهممه، 7ـی تهممووزی 2025، شاندی دەم پارتی بۆ ئیمراڵی دوای کۆبوونەوەیان لەگەڵ ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و دهڵێت، شاندەکە بۆچوون و پێشنیازەکانی خۆی لەبارەی ئەو قۆناغە نوێیەی کە پرۆسەکە پێی گەیشتووە و هەنگاوەکانی داهاتووی کە چی بکرێت بۆ پرۆسەکە لەگەڵ سەرۆک کۆمار تاوتوێ کرد.
شاندی دەم پارتی بۆ ئیمراڵی ئاماژهی بهوهش كردووه، لە میانی کۆبوونەوەکەدا جەخت کرایەوە کە ئیرادەی هاوبەش بۆ پێشخستنی پرۆسەکە بەردەوامی پێ بدرێت.
بانگهێشت کردنی پارت و ڕێکخراوەکان بۆ ڕێوەڕەسمی چەکدانان
بەگوێرەی ئاژانسی میزۆپۆتامیای نزیک لەپەکەکە، ژمارەیەکی زۆر لایەنی سیاسی، ڕێکخراوەکان و کۆمەڵگەی مەدەنی و ڕێکخراوی یاسایی و ڕۆژنامەنووسان بەشداری لە پرۆسەی چەکدانانەکە دەکەن و ڕاستەوخۆ پرۆسەکە دەگوازرێتەوە.
ڕوونکردنەوەی کەجەکە
بەشی ڕاگەیاندن و میدیایی کەجەکە لە ڕێگەی ئیمەیلەوە ڕوونکردنەوەیەکیان بە زمانی ئینگلیزی بۆ ئەو ڕۆژنامەنووسانە ناردووە، کە فۆرمی ڕووماڵکردنی ڕێوڕەسمی چەکدانانی پەکەکەیان پڕکردووتەوە؛ لە ڕوونکردنەوەکەدا هاتووە: بەهۆی بارودۆخی ئەمنییەوە، گۆڕانکاریی لە شێوازی بەڕێوەچوونی ڕێوڕەسمی چەکدانان لە سلێمانی کراوە.
هەروەها ئاماژەی داوە، ڕێوڕەسمەکە لە شوێن و کاتی خۆی بەڕێوە دەچێت، بەڵام بەبێ ئامادەبوونی کەناڵ و میدیاکان و ڕۆژنامەنووسان دەبێت.
بەگوێرەی ئەو ئیمەیلەی کە کەجەکە بۆ بەشێک لە ڕۆژنامەنووسانی ناردووە و کۆپییەکی ڕوونکردنەوەکە، بە دەست ماڵپەڕی کوردستان24 گەیشتووە، تەواوی ڕێوڕەسمی چەکدانانی ژمارەیەک لە چەکدارانی پەکەکە بە تۆمارکراوی دەبێت و دواتر لە ڕێگەی شاشەیەکەوە لە نزیک شوێنی بەڕێوەچوونی ڕێوڕەسمەکە نمایش دەکرێت.
بەگوێرەی زانیارییەکانی ئاژانسی ئاسۆشیەتد پرێس، پەکەکە چەکەکانی لەناو دەبات نەوەک ڕادەست بکات، ئەوانەشی لە یەکەمین هەنگاودا چەکدادەنێن لەنێوان 20 بۆ 30 ئەندام دەبن.