عراقچی: پابەندین بە بەرنامەیەکی ئاشتییانەی ئەتۆمی لە ژێر چاودێریی نەتەوە یەکگرتووەکان

وەزیری دەرەوەی ئێران دەڵێت: لە چەند ڕۆژی ڕابردوو پەیامێکمان پێ گەیشتووە دەربارەی ئەوەی کە واشنتن لەوانەیە بگەڕێتەوە بۆ دانوستان لەگەڵ تاران. گوتیشی: پابەندین بە بەرنامەیەکی ئاشتییانەی ئەتۆمی لە ژێر چاودێریی نەتەوە یەکگرتووەکان.
سێشەممە 8ـی تەممووزی 2025، عەباس عراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران، لە گوتارێکدا لە ڕۆژنامەی فانێنشاڵ تایمز، ڕایگەیاندووە، سەرنجمان لەسەر هەڵگرتنی سزاکانی سەر ئێران و بەشداریی فراوانتری ئەمەریکایە لە هاوکاری ئابووریدا.
وەزیری دەرەوەی ئێران، ئاماژەی بەوە داوە، بۆ بووژاندنەوەی ئابووریی وڵاتەکەمان، ئامادەین بۆ هاوکاریی هاوبەش لەگەڵ ئەمەریکا، هەروەها لە چەند ڕۆژی ڕابردوو پەیامێکمان پێ گەیشتووە دەربارەی ئەوەی کە واشنتن لەوانەیە بگەڕێتەوە بۆ دانوستان لەگەڵ ئێران.
هاوکات عراقچی، باسی لە بەرنامەی ئەتۆمیی تاران کردووە و گوتویەتی: پابەندین بە بەرنامەیەکی ئاشتییانەی ئەتۆمی لە ژێر چاودێریی نەتەوە یەکگرتووەکان.
لەبارەی جەنگی ئێران و ئیسرائیلەوە، ناوبراو باسی لەوە کردووە، ئێران لە جەنگەکەدا بە تووندی بەرگریی کرد و خۆی ڕادەست نەکرد، تا وای لێهات ئیسرائیل ناچار بوو پشت بە ترەمپ ببەستێت بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگ.
جەختی لەوەش کردەوە، لە داهاتوودا هەر هێرشێکی دیکەمان بکرێتە سەر، وەڵامێکی تووند و یەکلاکەرەوەمان دەبێت.
عراقچی، گوتیشی: نابێت پابەندبوونمان بە مامەڵەکردنی بەرپرسیارانە بە لاوازی لێکبدرێتەوە، هەروەها بەهۆی هێرشەکان و دەستپێکردنی جەنگەوە ئیسرائیل دیپلۆماسییەتی تێکدا، بەڵام ئەمەریکا دەتوانێت زیندووی بکاتەوە