لێژنه وه‌زارییه‌كه‌ی حكوومه‌تی عێراق تایبه‌ت به چاره‌كردنی پرسی نه‌وت و مووچه كۆبووه‌وه

ئه‌و لێژنه وه‌زارییه‌ی له لایه‌ن ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیرانی فیدراڵه‌وه بۆ چاره‌كردنی پرسه هه‌ڵواسراوه‌كانی نێوان به‌غدا و هه‌ولێر پێك هێنراوه، یه‌كه‌م كۆبوونه‌وه‌ی خۆی كرد و تێیدا تاوتوێی هه‌ردوو پێشنیازنامه‌ی حكوومه‌تی فیدراڵ و حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستانی كرد.
چوارشه‌ممه، 9ـی ته‌ممووزی 2025، ئه‌و لێژنه وه‌زارییه‌ی له لایه‌ن ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیرانی فیدراڵه‌وه بۆ چاره‌كردنی پرسه هه‌ڵواسراوه‌كانی نێوان به‌غدا و هه‌ولێر پێك هێنراوه، به سه‌رپه‌رشتیی محه‌ممه‌د عه‌لی ته‌میم، جێگری سه‌رۆك وه‌زیران و وه‌زیری پلاندانانی حكوومه‌تی فیدراڵ یه‌كه‌م كۆبوونه‌وه‌ی خۆی كرد.
له كۆبوونه‌وه‌كه‌دا كه هه‌ر یه‌ك له نه‌عیم عه‌بوودی، وه‌زیری خوێندنی باڵا و توێژینه‌وه‌ی زانستی، به‌نگین ڕێكانی، وه‌زیری دانیشتووان و ئاوه‌دانكردنه‌وه، ساڵح حه‌سناوی، وه‌زیری ته‌ندروستی، خالید به‌تال نه‌جم، وه‌زیری پیشه‌سازی و كانزاكان و خالید شوانی، وه‌زیری داد ئاماده‌ی بوون، هه‌ردوو پێشنیازنامه‌ی حكوومه‌تی فیدراڵ و حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان بۆ چاره‌كردنی پرسی نه‌وت و مووچه‌ی مووچه‌خۆرانی هه‌رێمی كوردستان تاوتوێ كران.
لێژنه‌كه هه‌روه‌ها جه‌ختی له گرنگیی به‌رده‌وامی گفتوگۆ ته‌كنیكی و كارگێڕییه‌كان سه‌باره‌ت به دۆسیه‌كانی ناو هه‌ردوو پێشنیازنامهكه به ئامانجی گه‌یشتن به چاره‌سه‌رییه‌كی خێرا، دادپه‌روه‌رانه، واقیعی و كرده‌یی كرده‌وه، كه تێیدا مافی مووچه‌خۆرانی هه‌رێمی كوردستان وه‌كوو ته‌واوی مووچه‌خۆرانی عێراق ده‌سته‌به‌ر بكات.
سێشەممە، 8ـی تەممووزی 2025، ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بڕیاری دا، لێژنەیەک لە پێنج وەزارەت؛ خوێندنی باڵا و توێژینه‌وه‌ی زانستی، دانیشتووان و ئاوه‌دانكردنه‌وه، ته‌ندروستی، پیشه‌سازی و كانزاكان و داد لەبارەی مووچە و نەوت پێکبهێنرێت.