گرژیی ناوچەی خەبات و هەڵوێستی میدیای فەرمیی ئێران

بەدواداچوون و شرۆڤەی هەواڵی کوردستان24:

دوای ئەوەی ئەو گرژیەی لە ناوچەی خەبات بە هۆی کێشە لە سەر زەویوزار ڕووی دا، میدیا فەرمی و نافەرمییەکانی ئێران بە دەیان هەواڵیان لە سەر ئەو بابەتە بڵاوکردەوە. 

ئەو میدیایانە وایان وێنا دەکرد کە ئەمە سەرەتای شۆڕش و سەرهەڵدانێکی دژ بە دەسەڵاتی هەرێمە، زۆر بە تامەزرۆییەوە بابەتەکەیان شرۆڤە کردووە و ئاماژەیان بەوە داوە کە هێزەکانی حەشدی شەعبیش لە سەر سنوورەکانی هەرێمن بۆ هەر ئەگەرێک، لە هەمان کاتیشدا ئاماژەیان بەوە داوە کە ئەو هێزە سیاسیانەی هەرێم کە نزیکن لە ئەوان، کۆکن بۆ پەرەسەندنی ئەو گرژیانە.

ئاست و قەبارەی ئەو هەواڵانە، جۆرێکە لە دەستوەردانی ڕاستەوخۆ لە کاروباری ناوخۆی هەرێم کە ناگونجێت لەگەڵ پەیامی فەرمیی بەرپرسانی کوماری ئیسلامی لە کاتی گفتوگۆ لە گەل بەرپرسانی هەرێمی کوردستان.

هەڵوێسی میدیاکانی ئێران زۆربەی کات دوور لە ڕاستیی ڕووداوەکان و دوور لە بەرژەوەندیی هاوبەش بووە، لەم دۆخە هەستیارەی ناوچەکەدا هاندان بۆ ئارامی و سەقامگیری ئەرکێکی ئەخلاقیی میدیاییە.

پاراستنی ژیان و ماڵی هەموو هاووڵاتییان ئەرکی هەرە لە پێشینەی دەزگا ئەمنییەکان و ئاسایش و پۆلیسی هەرێم بووە و زور بەرپرسانە مامەڵەیان لەگەڵ سەرکێشی چەند کەسێک کردووە و نەیانویستووە بێ هۆ زیان بە کەس بگات و درێژەکێشانی ماوەی ئەم کێشەیەش تەنیا لە بەر ئەوە بووە زیان گەورەتر نەبێت، بەڵام بێ گومان یاسا سەروەر دەبێت و ئاسایش و سەقامگیری خەلڵکی کوردستان ناکرێتە قوربانی هیچ کەس ولایەنەک.

 
 
Fly Erbil Advertisment