زێلینسکی داوا لە وڵاتانی ڕۆژاوا دەکات سزای زیاتری ڕووسیا بدەن

دانیشتوانی کیێڤ لە وێستگەیەکی میترۆدا نووستوون
دانیشتوانی کیێڤ لە وێستگەیەکی میترۆدا نووستوون

پاش هێرشە گەورەکەی شەوی ڕابردووی ڕووسیا بۆ سەر کیێڤ، ڤۆلۆدێمیر زێلینسکی، سەرۆکی ئۆکرانیا، داوا لە هاوپەیمانانی وڵاتەکەی دەکات، سزای زیاتری ڕووسیا بدەن.

پێنجشەممە، 10ـی تەممووزی 2025، ڕۆژنامەی زە گاردیان، بڵاوی کردووەتەوە، درەنگانی شەوی ڕابردوو، ڕووسیا بە 400 درۆن و 18 مووشەک، ‌هێرشێکی گەورەی کردە سەر کیێڤ. 

سەرۆکی ئۆکرانیا، لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە داوای کردووە "هاوپەیمانەکانمان لە ڕۆژاوا، دەبێت هەرچی زووترە سزای زیاتری ڕووسیا بدەن. دەبێت فشارێکی زۆریش بخەنە سەر پوتن، تاوەکوو بزانێت ئەو تاوانانەی دژی خەڵکی ئۆکرانیا دەیان کات، بێسزا تێپەڕ نابن."

بەرەبەیانی ئەمڕۆ، دانیشتوانی کیێڤ، بە دەنگی تەقینەوەیەکی زۆر لەخەو هەستان، هەندێک لەو تەقینەوانە هی سیستەمی دژە ئاسمانیی ئۆکرانیا بوون کە هەوڵیان دەدا ئەو فڕۆکە بێفڕۆکەوانانەی کە ئۆکرانییەکان لەبەر دەنگە گەورەکەی پێی دەڵێن 'ماتۆڕی ئاسمانی' بخەنە خوارەوە.   
دانیشتوویەکی کیێڤ، بە پەیامنێری زە گاردیانی گوتووە: دوێنێ شەو بەردەوام گوێمان لە دەنگی تەقینەوە بوو، ئێستا ئاسمانی کیێڤ بە دووکەڵی ڕەش داپۆشراوە. زۆرێنەی دانیشتووان شەویان لە پەناگە و تونێل و وێستگەی میترۆکاندا بەسەر برد.

ئەمە دوو شەوە لەسەریەک، ڕووسیا هێرشی بەرفراوان و گەورە بە درۆن و مووشەک دەکاتە سەر کیێڤ. تا ئێستا، لە ئەنجامی ئەو هێرشانەدا، سێ کەس کوژران و ژمارەیەکیش بریندار بوونە.

 
 
Fly Erbil Advertisment