ئەنبار.. نوێنەرانی پارتە شکستخواردووەکان لە بانگەشەی هەڵبژاردن دەیانەوێت ئیرادەی خەڵک بکڕن

لە سنووری پارێزگای ئەنبار پەرلەمانتارانی ئەم خولەی پەرلەمان و بەرپرسە سیاسییەکان دەستیان بەسەردانی شوێنە گشتییەکان کردووە لەژێر ناوی گوێگرتن لە داوکاری خەڵک و باشترکردنی دۆخیان، هەڵبەت مەبەستیان بانگەشەی هەڵبژاردن و فریودانی خەڵکەکەیە.
دانیشتوویەکی ئەنبار بە کوردستان24 دەڵێت: ئاواتەخوازین بەڵێنەکان ڕاستەقینە بن، نەک تەنیا مرەکەبی سەر کاغەز. دەمانەوێت پەرلەمانتاران بەڵێنی ڕاستەقینە بدەن بۆ جێبەجێکردنی پرۆژە و خزمەتکردنی هاووڵاتیان، بەڵام کە دەچنە پەرلەمان مۆبایلەکانیان دادەخەن، ئێمە ئەزموونی ڕابردوومان لەگەڵیان هەیە، کە هەڵبژاردن تەواو دەبێت مۆبایل دادەخەن و دوای چوار ساڵی دیکە دەیانبینیبەوە.
عومەر جومەیلی، چاودێری سیاسی گوتی: بێگومان نوێنەرانی پارتە شکستخواردووەکان هەوڵدەدەن بەهەر ڕێگەیەک بێت دۆخی خەڵک بقۆزنەوە و ویژدانیان بکڕن، ئەمەش بەگوێرەی یاسا تاوانە. داوا لە کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکان و لایەنە ئەمنییەکان دەکەین، لێپێچینەوە لە گەندەڵکاران بکەن، ئەوانەی دەیانەوێت ئیرادەی خەڵک بکڕن.
لەبەرامبەردا، هاووڵاتییان ڕۆژ لە دوای ڕۆژ زیاتر جیاوازی نێوان کرداری ڕاستەقینە و بانگەشەیان بۆ دەردەکەوێت، دەشڵێن؛ ئەوەی بەرپرسان دەیکەن خۆدەرخستنی سۆشیاڵ میدیایە لە پێناو بانگەشە.