ڕێوڕەسمی چەکدانانی پەکەکە لە ئەشکەوتی جاسەنە بەڕێوەدەچێت

پرۆسەی چەکدانانی ژمارەیەک چەکداری پەکەکە ئەمڕۆ هەینی بەڕێوەدەچێت، هەرچەندە پێشووتر ناوی چەند شوێنێک دەهێنرا، بۆ بەڕێوەچوونی ڕێوڕەسمەکە بەڵام دواجار ئەشکەوتی جاسەنە دیاریکرا.

ئەشکەوتی جاسەنە دەکەوێتە دووری 50کیلۆمەتر لە ڕۆژئاوای شاری سلێمانی، لەسەر ڕێگەی سلێمانی- دووکان، لە بناری چیایەکی گەورەوەیە، لە نیوەی دووەمی سەدەی بیستەم شوێنێکی گرنگی شۆڕشی باشووری کوردستان بووە ، ئەشکەوتێکی بەناوبانگ و دێیە‌کی وێرانکراوی بەجێماون.

لە ساڵانی ڕابردوودا گوندەکە نزیکەی 300 ماڵی تێدا نیشتەجێ بووه، بەڵام دواتر لە لایەن حکوومەتی بەعسەوە وێران کراوە و چۆڵ بووە.

پێشتر جاسەنە ئەشکەوتێکی ئاسایی و جێی خۆحەشاردان و حەوانەوە بووە. بەڵام لەگەڵ گۆڕانی بارودۆخ و هەلومەرجی سیاسی ئەو کاتە ئەرک و ناو و ناوبانگی ئەشکەوتەکەش گۆڕاو مێژوویەکی بەنرخی بۆ خۆی تۆمارکرد.

هەروەها لەدوای هێرشی فڕۆکەی سوپای ئینگلیز لە ساڵی 1923 شێخ مەحموودی حەفید، ئەشکەوتی جاسەنەی کردە پەناگە و چاپخانەی تێدا دامەزراند و یەکەم ڕۆژنامەی تێدا بڵاو کردەوە بەناوی بانگی حەق.

 
 
Fly Erbil Advertisment