بەهۆی شەڕی چەند ساڵەی پەکەکە و تورکیا 200 گوندی سۆران چۆڵکراون

پرۆسەی چەکدانانی ژمارەیەک لە ئەندامانی پارتی کرێکارانی کوردستان(پەکەکە) لە ئەشکەوتی جاسەنەی سەر بە ناوچەی سوورداش کە ژمارەیان 30 چەکداربوون، وەک نیازپاکیی لە پرۆسەی ئاشتی تورکیا چەکانیان دانا و سووتاندیان.
یەکێک لەو دەڤەرانەی زیانێکی زۆری بەرکەتووە بەهۆی شەڕی چەند ساڵەی نێوان پەکەکە و تورکیا، ئیدارەی سەربەخۆی سۆرانە.
تەیفوور محەممەد، پەیامنێری کوردستان24 لە سۆران ئەمڕۆ هەینی 11ـی تەمووزی 2025، ڕایگەیاند: سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆرانە بەهۆی شەڕی چەند ساڵەی لەنێوان پەکەکە و تورکیا زیانی زۆری بەرکەتووە.
لە سنووری شارۆچکەی چۆمان و باڵەکایەتی 13 گوند بەتەواوی چۆڵکراون، یەکێک لەو گوندانە دەکەوێتە شارەدێی حاجی ئۆمەران، 12 گوندی دیکە دەکەونە سنووری شارەدێی قەسرێ و زیاتر لە 10 هاووڵاتیی گیانیان لەدەستداوە و زیانێکی زۆر بەر کشتوکاڵ و ئاژەڵداری دەڤەرەکە گەیشتوووە.
شارۆچکەی سیدەکان و برادۆست، بەهۆی شەڕ و ئالۆزییەکان زۆرترین زیانی بەرکەوتووە لە ئیدارەی سەربەخۆی سۆران لە کۆی 264 گوند 118 گوند بە تەواوی چۆڵکراون و زیاتر لە 100 هاووڵاتیی گیانیان لەدەستداوە و برینداربوونە، ئەمە جگەلەوەی لەبواری کشتوکاڵ و ئاژەڵداری زیانێکی زۆری بەرکەتووە، بەتایبەتی لەبواری گەشتوگوزار، چونکە ناوچەی گەشتیاری زۆر تایبەت لەو سنوورە هەیە.
لە سنووری شارۆچکەی مێرگەسۆر و بارزان، هەر بەهۆی شەڕی نێوان پەکەکە و تورکیا 64 گوند بە تەواوی چۆڵکراون ژمارەیەکی زۆری ڕەز و باغی هاووڵاتییان سووتاون.
شارۆچکەی ڕواندزیش بە هەمانشێوە، چوار گوند بە تەواوی چۆڵکراون و ژمارەیەک هاووڵاتیی ئەو دەڤەرە گیانیان لەدەستداوە.
کۆی گشتیی ئەو گوندانەی چۆڵکراون لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران ژمارەیان 200 گوندە و پێشبینی دەکرێت بەهۆی پرۆسەی ئاشتی و چەکدانانی پەکەکە ئەو گوندانە ئاوەدانبکرێنەوە.