هۆشیار زێباری: سەرخستنی ئاشتی، داواکاری لەمێژینەی سەرۆک بارزانییە

ئەندامێکی دەستەی کارگێڕیی مەکتەبی سیاسیی پارتی دەڵێت: دوورکەوتنەوە لە توندوتیژی و سەرخستنی ئاشتی داواکاری لەمێژینەی سەرۆک بارزانی و پارتی دیموکراتی کوردستان بووە.
هەینی 11ـی تەممووزی 2025، هۆشیار زێباری، ئەندامی دەستەی کارگێڕیی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان، لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس نووسیویەتی: ئەمڕۆ لە سنووری سلێمانی لە پرۆسەیەکدا، کە کاریگەری گەورەی لەسەر داهاتوو دەبێت، ژمارەیەک چەکداری پەکەکە چەکیان دانا.
باسی لەوەش کرد، ئەم هەنگاوەی ئەمڕۆ وەکو سەرەتایەک بۆ چەکدانان بە شێوەیەکی گشتی و هەڵوەشاندنەوەی پەکەکە، بە گوێرەی داوکاری رێبەرەکەیانە.
هاوکات دەڵێت: سەرخستنی ئاشتی و دوورکەوتنەوە لە توندوتیژی داوکاری لەمێژینەی سەرۆک بارزانی و پارتی دیموکراتی کوردستان بووە.
هەینی 11ـی تەممووزی 2025، پرۆسەی چەکدانانی گرووپێک لە ئەندامانی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) لە ئەشکەوتی جاسەنەی سەر بە ناوچەی سوورداشی قەزای دوکان، کە ژمارەیان 30 کەس بوون، وەک نیازپاکی لە بەرانبەر پرۆسەی ئاشتیی تورکیا، چەکەکانیان دانا و سوتاندیان.